کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی لایەنگرێکی حیزب لە ئیلام بە ڕووداوی هاتووچۆ

16:02 - 10 پووشپەڕ 2721

لایەنگرێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی "بێهزاد فازڵی" تەمەن ٢٦ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام، بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەست‌دا. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بێزاد فازڵی هاووڵاتییەکی کوردپەروەری شاری ئیلام، کە ماوەیەک وەکوو لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستان کار و چالاکی دەکرد، بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە دڵە پڕ لە ئامانجەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد. ناوبراو وەکوو لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەوپەڕی ئەرک وەخۆگرییەوە ئامادەی بەجێگەیاندنی هەموو ئەرکێکی حیزبی بوو و یەکێک لەو لاوە شۆڕشگێڕانە بوو کە هەردەم ئامادەن لە ڕێی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەیاندا هەموو بەربەست و لەمپەرێک بشکێنن، سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ دوژمنێکی وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕوون. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی "بێهزاد فازڵی" و هەموو کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.