کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی بەندکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە سەوڵاوا و دەسبەسەرکردنی کەسێکی دیکە لە پیرانشار

15:15 - 12 پووشپەڕ 2721

بەرزان محەممەدی، چالاکی مەدەنی ئەشکەنجە دراوە و سزای نوێی بەسەردا سەپا و هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشاریش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا. ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، "بەرزان محەممەدی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەوڵاوا، دوو حەوتوو پاش دەسبەسەرکرانی، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی بێهبوودی، حوکمی ٢٢ مانگ ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەممەدی ڕایگەیاند، بەرزان بە تۆمەتی "سووکایەتی کردن بە ڕێبەری ئێران" بە ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە لەدژی کۆماری ئیسلامی بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران سزا دراوە و بە گوێرەی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتا ١٥ مانگ و ١ ڕۆژی لەسەر جێبەجێ دەکرێ. بەرزان محەممەدی وتوویەتی کە: "لەلایەن ئیتلاعاتی سپای سەوڵاوا ئەشکەنجە دراوم و ویستوویانە نامەیەک کە پێشتر سەبارەت بە هاوکاریکردن لەگەڵ سپای پاسداران ئامادە کرابوو، واژۆ بکەم بەڵام من ئامادە نەبووم واژۆی بکەم و بەو هۆیەوە ئەشکەنجەیان داوم." لەلایەکی دیکەوە و ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی "گەرگوولی سەروو" بە ناوی "محەممەدتاهیر ئەلیاسی" تەمەن ٥٢ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە و تا ئێستا لە هۆکاری دەسبسەرکردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.