کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرملێ لە ''گوڵاڵە مورادی''

16:21 - 3 خەرمانان 2721

ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی دانپێدانان، هەوڵ دەدەن بە هەر جۆرێک کە بکرێ گوشار بخەنە سەر ''گوڵاڵە مورادی''. بەپێی هەواڵەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زیاتر لە چوار مانگ لە دەسبەسەرکرانی ''گوڵاڵە مورادی''، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار‌ تێدەپەڕێ، کەچی ئێستاش لەژێر گوشار و هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان دایە. ناوبراو لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ دەسبەسەرە و تا ئێستاش لە مافی دابینکردنی پارێزەر بێبەری کراوە. بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ''گوڵاڵە مورادی'' لەم دواییانەدا چەندین جار بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان ڕاگواستراوە و دوای ئەشکەنجە و توندوتیژییەکی زۆر، هەڕەشەی لێکراوە کە ئەگەر دان بەو تاوانانە دانەنێت کە بۆی دیاری کراوە، سزای زۆر قورس بۆ کوڕەکەی‌ کە پێشتر لەگەڵ خۆی دەسبەسەر کرابوو، دەبڕدرێتەوە. ''گوڵاڵە مورادی'' لە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ هەتاوی‌دا، دوای کوژرانی ''عوسمانی حاجی حوسێنی'' کە یەکێک لە مۆرەکانی سپای پاسداران لە پیرانشار بوو، لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و بۆ شاری ورمێ ڕاگواسترا و هەروەها دوای ماوەی ٤٥ ڕۆژ دیسان ڕاگواسترا بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ. شایانی باسە دوو کوڕی ناوبراو بە ناوەکانی ''تاهیر بەزازی'' و ''مەتین بەزازی''ش لە پێوەندیی لەگەڵ کوژرانی ''عوسمانی حاجی‌حوسێنی'' دەسبەسەر کرابوون کە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کران.