کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی لەبەرکردنی جلی کوردی هاووڵاتیەکی خەڵکی سەقز، سزای ١١ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

15:28 - 4 خەرمانان 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە زستانی ساڵی ڕابردوو پاش ئەوەیکە جلی کوردی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەنگو ڕەنگی حکوومەتی ئێران لەبەر کردبوو دەسبەسەر کرا، سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سزای ١١ مانگ بەندکرانی عەتا ڕەحمانزاده ناسراو بە شەماڵ سەقزی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. شەماڵ سەقزی پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژی حکوومەت” سزای ١١ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، پاش ئەوەیکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەنگو ڕەنگی ئێران لە گۆڕەپانی هەڵۆی شاری سەقز بە جلی کوردییەوە دەرکەوتبوو، دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو. جێگای ئاماژەیە کە پاش بێڕێزی پێشکەشکاری کەناڵی دووی دەنگ و ڕەنگی ئێران بە جلی کوردی، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک داوایان لە خەڵک کردبوو بۆ ئیدانە کردنی بێ‌ڕێزیی بێژەرێکی کاناڵی دووی تەلەڤیزیۆنی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، ڕۆژی دووی ڕێبەندان بە جلی کوردییەوە لە شوێنە گشتییەکان ئامادە بن.