کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: هەڕەشەکانی سپای پاسداران نامان‌وەستێنن

22:06 - 15 خەرمانان 2721

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وەڵامی هەڕەشەکانی ڕۆژی ١٥ی خەرمانانی محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزە ویشکانییەکانی سپای پاسداران گوتی: ئەوە یەکەمین‌جار نییە کە بەرپرسانی نیزامی و سەربازیی کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە هێزە سیاسییەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان دەکەن و دەکرێ ئەمە ناڕاستەوخۆ بە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دابندرێ. چونکی ئەوان باس لەوە ناکەن کە لە چوارچێوەی جوغرافیایی ئێراندا زەبر لە هێزە نەیارەکانیان دەدەن، بەڵکوو دەیانەوێ لە خاکی عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا عەمەلیاتی نیزامی بکەن. جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لێدوانێک‌دا بۆ "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەجیددی وەردەگرین و ڕادەگەیەنین کە بەرپرسایەتیی قانوونیی پاراستنی گیانی تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ئێران لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە. دەسەڵاتی سیاسی لەم وڵاتە پێویستە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بوێ کە چۆن دەتوانێ ئاوا بێ‌باکانە هەڕەشە لە خاک و سەروەریی وڵاتەکەیان بکا، لە حاڵێکدا پێوەندیی باش و دۆستانەیان لەگەڵ یەکتر هەیە و، بەتایبەت کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بە دیاریکراوی، لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هیچ چەشنە کردەوەیەکی سەربازیی ئەوتۆیان نەبووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زیان بۆ سەر ئەمنییەتی خۆی دابنێ. بۆیە هەم حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەم هێزەکانی هاوپەیمان لەو وڵاتە و هەم کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ بە جیدی سنوور بۆ دەستدرێژی و سنووربەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دابنێن. لەپێوەندی لەگەڵ کاریگەریی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کاک مستەفا مەولوودی گوتی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەگەر وەدیش بێن، ناتوانن هیچ کاریگەرییەک لەسەر کار و چالاکیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێن. بزووتنەوەی سیاسیی کورد هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامییەوە لەگەڵ ئەم ڕێژیمە لە خەبات و بەربەرەکانیدا بووە و ئەم ڕێژیمە لە ماوەی چوار دەیەدا هێز و چەک نەماوە لەسەر کوردی تاقی نەکاتەوە، ڕاستە لەو ماوەیە بزووتنەوەی کورد لەسۆنگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە زەبری قورسیشی بەر کەوتووە، ڕێبەران و تێکۆشەرانی تێرۆر کراون، چالاکە سیاسییەکانی ئێعدام کراون، بە بۆمب و تەقینەوە هێرشی کراوەتە سەر و مووشەک‌باران کراوە، بەڵام بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات کۆڵیان نەداوە. جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی لەسەر ئەوە داگرت کە بەردەوامیی هەڕەشەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاست نیشانەی کۆڵنەدان و بەردەوامیی هێزە سیاسییەکان لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان دژی ئەو ڕێژیمە بۆ وەدێهێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانە و ئیرادەی خەباتگێڕیی بزووتنەوەی کورد بە هەڕەشە و سەرکوت بەچۆک‌دا نایە.