کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لە کوردستان هیچ جێگە و پێگەیەکی هەبێ

20:27 - 31 خەرمانان 2721

خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە وتووێژەکانیدا لەگەڵ تۆڕی مێدیایی "بی بی سی"، "ڕادیۆ فەردا"، "ئەلعەرەبیە" و "ئیران ئینترناشناڵ"دا ڕایگەیاند کە هۆکاری زیاتر بوونی هێرشە تەبلیغاتی و مەیدانییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر حیزبە کوردییەکان بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات دەگەڕێتەوە؛ ئەو قەیران‌گەلەی حکوومەت لە تەواوەتیی خۆیدا لە چارەسەرکردنیانی داماو و دەستەوەستانە. سکرتێری گشتیی حیزب هۆکارێکی دیکەی ئەو دەستدرێژییانەی سپای پاسدارانی بۆ چوونەسەرێی ئاستی شعووری سیاسی، وشیاریی نەتەوەیی، زەرفییەتی خەباتگێڕی و سەرزیندوویی کۆمەڵگەی کوردی لە بەدواداچوون بۆ مافە مەدەنی و نەتەوایەتییەکانی گەڕاندەوە. بەڕێزیان تیشکی خستە سەر ئەوەی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوایەتیی کورد ئەو پەیامەی بە کۆماری ئیسلامی داوە کە پرسی کورد لە ئێران بەربەرەکانی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان نییە، بەڵکوو ئەوە پرس و بابەتی زیاتر لە دە میلیۆن کوردە لەو وڵاتەدا. حکوومەتی کۆماری ئیسلامیش کە توانای وەڵامدانەوە بەو داوایە و بەربەرەکانی لەگەڵ ویستیی میلیۆنیی خەڵکی کوردستانی نییە، دەیەوێ بە گوشارهێنان بۆ سەر حیزبە سیاسییەکان، ئەوەندەی دیکەش کوردستان ئەمنییەتیتر بکا تا دەستی بۆ گرتن و کوشتن و سەرکوتی زیاتری خەڵک ئاوەڵاتر بێ. کاک خالید عەزیزی پێی لەسەر ئەوە داگرت خەڵک و پێشمەرگە و حیزبە سیاسییەکانیان شتێک نین بتوانن لێکیان داببڕن، ئەوان بەشە جۆراوجۆرەکانی یەک پەیکەرن و ئەوەی بێگانەیە و لە کوردستان جێی نابێتەوە سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواوەتیی خۆی دایە، مانگرتنی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویش بۆ جارێکی دیکە ئەوەی سەلماندەوە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ئەو ئاکامگیرییەی لە وتووێژەکانی کرد کە لە کوردستان بزووتنەوەی هەراو و بەرینی مافخوازی لەئارا دایە و ئەوەی لە کوردستان دەیبینین خەبات و تێکۆشان نەتەوەیەک بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی نەتەوایەتییە و هەتا ئەو پرسە لە کوردستان چارەسەر نەبێ، خەبات و بەرگریی کورد درێژەی دەبێ.