کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داگیركردنی زەوی‌وزاری گشتیی لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە شاری سنە

13:52 - 4 رەزبەر 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو، پارچە زەوییەکی چەند هەزار میتری لە شارەکی "٥ی ئازەر"ی شاری سنە كە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە بۆ قوتابخانەی سەرەتایی و ساڵۆنی وەرزشی لەبەرچاو گیراوە، لەلایەن هێزە تیرۆریستییەكانی سپای پاسدارانەوە داگیركراوە؛ پێشتر خەڵکی ئەو شوێنە هەر بەپێی ئەو خەریتەیە زەوییەکانی دەورووبەری ئەو شوێنەیان کڕیوە و ماڵیان تێدا كردووەتەوە. ئێستا سپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو زەوییە و دەیانەوێ بیکەن بە ئاپارتمان بۆ پاسدارە غەیرە بوومییەکان. ئەوە ماوەی سێ ساڵە خەڵکی ئەم گەڕەکە بە زیاتر لە ١٠٠ واژۆ سکاڵایان لە هەموو ئورگانە حکومییەکان، وەک پاڕێزگا، دادستێنی، نوێنەری وەلی فەقیە تۆمار کردووە، بەڵام بە ئاکامێک نەگەیشتوون. بەپێی هەمان سەرچاوە ڕۆژی ٢ی ڕەزبەر، هێزەکانی سپا بەبێ هیچ بەڵگە و مۆڵەتنامەیەک لە شارەوانی هاتوون و ئاسنیان داکوتاوە بۆ ئەوەی فەنس‌کێشی ئەو زەوییە بکەن، كە لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵک ڕووبەڕوو بوونەتەوە، بەڵام هیچ ئاكامێكی نەبووە و دروستكردنی ئاپارتمان لەو شوێنە دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەشێكی زۆر لە ماڵەکانی ئەو گەڕەکە ئتیر ڕەنگی خۆرەتاو نەبینن. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لەو گەڕەکە وەک قوتابخانە، خەڵکی ئەو گەڕەكە بۆ ناونووسی منداڵانیان لە قوتابخانەکان، ناچارن لە شوێنی دوورتر لە خۆیان كە قوتابخانەی لێیە، منداڵەكانیان ناونووسی بكەن كە یان وەرناگیرێن یان تێچوویەکی زۆر دەداتە دەستیانەوە.