کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی کەسایەتییەکی دڵسۆز و وەفاداری حیزبی دێموکرات لە ناوچەی چەم‌شاری سنە

14:43 - 4 رەزبەر 2721

کەسایەتییەکی نیشتمان‌پەروەر و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی "پەرویز محەممەدی" خەڵکی ئاوایی "سمان"ـی ناوچەی چەم‌شاری سنە، ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، پەرویز محەممەدی، کەسایەتییەکی دڵسۆز، نیشتمان‌پەروەر و لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ئاوایی "سمان"ـی سەر بە ناوچەی چەم‌شاری سنە، دڵە پڕ لە ئاواتەکەی کە ئازادی کوردستان بوو لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک پەرویز کە برایەکی بەناوی "مراد محەممەدی" پێشمەرگەی حیزب بوو، بەو هۆیەوە لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاویدا، بەردەوام سەردانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی دەکرد و بە بینینی پێشمەرگەکان دڵخۆش بووە و بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ هێزی پیشمەرگە دەربڕیوە، بەجۆرێک کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەریان کردووە و بۆ ماوەی ٣مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعات دەخرێتە ژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوە، بەڵام دوای ئازادبوونیشی هەر وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە و کۆڵی نەدا. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کاک پەرویزمحەممەدی و هەموو کەسوکاری و خەڵکی ناوچەی چەم‌شاری سنە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.