کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی لاوێکی سەوڵاوایی بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە

13:59 - 11 رەزبەر 2721

لاوێکی خەڵکی سڵێن سەر بە ناوچەی هەورامانی سەوڵاوا بەهۆی هەڵەی پزیشکیی لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەمەدان گیانی لەدەستدا. حەوتووی ڕابروو، لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی "نەشهەد ئەدوایی" خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە هەورامانی سەوڵاوا، بەهۆی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی "بووعەلی سینا" لە شاری هەمەدان گیانی لەدەستدا. بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ناوبراو: "ڕۆژی شەممەی حەوتووی ڕابردوو، نەشهەد بەهۆی ئێش و ئازاری گەدە سەردانی نەخۆشخانەی بووعەلی سینای شاری مەریوان دەکا و پاش پشکنینی پزیشکی، پێی ڕادەگەیەنن کە گەدەی کون بووە و دەبێ نەشتەرگەریی بۆ بکرێ". بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگاداره، پاش ڕازیبوونی نەشهەد بە نەشتەگەریی گەدە، لە کاتی نەشتەرگەری دەردەکەوێ کە پەنکریاسی چڵکی کردووە و لوولەی دەرهێنانی چڵکی پەنکەریاسی بۆ دادەنێن و پاش ٤٨ کاتژمێر و بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستیی، نەشهەد ڕەوانەی نەخۆشخانەی بووعەلی سینای شاری هەمەدان دەکرێ و پاش ١٠ خولەک لەو نەخۆشخانەیە، ئەو هاووڵاتییە گیانی لەدەستدەدا. یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی بووعەلی سینای هەمەدان بە بنەماڵەکەیانی ڕاگەیاندووە کە ئەم نەخۆشە پێویستی بە نەشتەگەری نەبووە و دەیانتوانی بە دەوا و دەرمان چارەسەری نەخۆشییەکەی بۆ بکەن". جێی ئاماژەیە کە خاوەن‌ڕایان نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکی و دەرمانی و کاری لە ڕادەبەدەری پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵەی پزیشکی لەقەڵەم دەدەن.