کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی خوازیاری ڕاگرتنی خێرای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی بوو

11:44 - 13 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی انەمەڕ، هۆشداریی لە نزیکبوونەوەی لەسێدارەدانی ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، خۆپیشاندەری تەمەن ٣٤ ساڵ کرد کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی ئەم سزایەی کرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دادگاییکردنی ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسانی بە نادادپەروەرانە ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ دەرچووە.

ئەو ڕێکخراوەیە زیادی کرد، ئەم خۆپیشاندەرە بەندکراوە بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی پەنای بۆ هەموو ڕێگایەکی یاسایی بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەم خۆپیشاندەرە لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و ڕەوانی بووتەوە.

پێشتریش دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داوای ڕەزا ڕەسایی بۆ پیداچوونەوە بە سزاکەیدا لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی مەترسیی لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە هۆشداری دابوو.