کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی دووگیان لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی پیرانشار دەسبەسەر کرا

14:53 - 26 رەزبەر 2721

ژنێکی لاوی دووگیان بە ناوی" سوعدا خەدیرزادە" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی پیرانشار دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ گوازراوەتەوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە خۆجێیەکان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار ژنێکی لاوی دووگیانیان بە ناوی "سوعدا خەدیرزاده" تەمەن ٣٢ ساڵ بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر کردووە و ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە. سوعدا خەدیرزاده دووگیان بووە و پێویستی بە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیانی هەیە، بەڵام بەو حاڵەش شوێنی ڕاگیرانی نادیاره و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو پێوەندییەدا بێ‌ئاکام ماوەتەوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی خێزانەکەی. جێی ئاماژەیە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە خراونەتە پاڵ سوعدا خەدیرزاده، لە بەردەستدا نییە.