کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونی چارەنووسی ژنە بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ورمێ

13:25 - 5 خەزەڵوەر 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار، بە ناوی گوڵاڵە مورادی، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ مانگ لە دەسبەسەرکرانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، چارەنووسی هەروا ناڕوونە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە و هەتا ئێستا کۆبوونەوەی دادگایی بۆ ناوبراو بەڕێوە نەچووە. گوڵاڵە مورادی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، سەرەڕای ئەوەیکە ئازار و ئەشکەنجە دراوە، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاریش بووە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی "مەتین بەزازی" و "تاهیر بەزازی" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون. ئەو سێ هاووڵاتییە، پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی سپای پاسداران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و کوڕەکانی ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان، ئازاد کران. مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، گوڵاڵە مورادی پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.