کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شانۆی سەر شەقامی مەریوان پاش دوو ساڵ دەستی بە کارەکانی کردەوە

14:59 - 5 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەر، پاش دوو ساڵ لە بەرێوەنەچوونی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، ئەو شانۆیە دەستی بە کارەکانی کردەوە. ئەو فێستیڤاڵە بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لە پارکی "شانۆ" لە شاری مەریوان بەرێوە دەچێ و کۆتایی کارەکانی ئەو فێستیڤاڵە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، لە پارکی "بانوان"ی شاری مەریوان دەبێ. پازدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، لە ٦ بەشی "ئازاد، ئایینی، منداڵان، بەشی جیاوازی پێشاندان، بەشی تایبەت و بەشی هەڵبژێردراوانی فێستیڤاڵەکە، بەرێوە دەچێ. جێی ئاماژەیە کە فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان هەموو ساڵێک بە پێشوازییەکی زۆر لەلایەن خەڵکی هونەردۆستی مەریوانەوە، بەڕێوە دەچێ. شانۆی سەر شەقامی مەریوان لەساڵی ١٣٧٣ هەتاوی بە بیرۆکەی کەسانی وەکوو فاتح بادپەروا لە هۆڵی مانگی سووری ئەم شارە دەستی پێکراوە و لە ساڵی ١٣٨٤ هەتاویش بە فەرمی یەکەمین خولی بەڕێوە چووە. بە وتەی دامەزرێنەری فێستیڤاڵەکە، ئەو فێستیڤاڵە بەشێک لە ناسنامەی بێچمگرتووی شانۆی سەر شەقامی ئێرانە و ئەمڕۆکە مەریوان بووەتە پێگەیەک بۆ شانۆی سەر شەقام لە سەرانسەری ئێراندا و شاری مەریوان بە پێتەختی شانۆی سەر شەقام ناوی دەرکردووە.