کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدانی مامۆستایەکی زانکۆی کوردستان لە سنە

15:50 - 5 خەزەڵوەر 2721

دوکتور ئازاد جەلالی‌زادە، مامۆستای زانکۆی کوردستان لە شاری سنە و هەروەها چالاکی سیاسی بە هۆکارێکی نادیار گیانی لەدەستدا. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ۴ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دوکتور ئازاد جەلالی‌زادە مامۆستای زانکۆی کوردستان لە شاری سنە و هەروەها چالاکی سیاسی بە هۆکارێکی نادیار گیانی لەدەستداوە. بەوتەی یەکێک لە نزیکانی ناوبراو، دوکتور ئازاد جەلالی‌زادە، قورچکی دووهەمی ڤاکسێنی کۆرۆنای وەشاندووە و گوایە هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەی‌دا بووە و ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی دڵی؛ ئەمە لە کاتێک دایە کە ناوبراو تاکوو حەوتووی ڕابردوو بە سڵامەتی تەواو چووەتە سەر کلاس و وانەی بە خوێندکاران وتووەتەوە و هیچ نیشانەیەکی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنای پێوە دیار نەبووە. شایانی باسە کە پاش بڕیاری وەزارەتی زانستی ڕێژیم بۆ بەزۆرەملێ‌کردنی لێدانی ڤاکسێنی کۆرۆنای ئێرانی بۆ بەشداربوون لە کلاس و خەوتنگە خوێندکارییەکانی زانکۆ بۆ مامۆستایان و خوێندکاران، چەند مامۆستایەکی بە ئەزموون و پلەبەرزی زانکۆی کوردستان و چەند زانکۆی دیکەی ئێران دوای لێدانی ڤاکسێنی کۆرۆنای ئێرانی، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.