کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ئەوە مافی گەلی کوردە کە پەنا بۆ ڕێفڕاندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی سەربەخۆی خۆی ببات

23:13 - 15 سەرماوەز 2721

ئاماژە: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تازەترین وتووێژی "کوردکاناڵ" لەگەڵ بەڕێزیاندا، سیاسەت و لێکدانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەهەمبەر پرسە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی ئێستای ئێران و کوردستان شی کردەوە. "کوردستان" پوختەی ئەم وتووێژە بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە.       کاک خالید لەم ڕۆژانە دەیەمین کۆبوونەی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو. شرۆڤەی بارودۆخی ئێران یەک لە بەرنامەکانی کاری ئەم کۆبوونەوەیە بووە. کۆمیتەی ناوەندی ئەو بارودۆخەی چۆن هەڵسەنگاند؟ کۆمیتەی ناوەندی ڕای وابوو بۆوەی پێناسەیەکی ورد لە بارودۆخی ئێران بکرێ، دەبێ کۆمەڵێک فاکتۆر لە هاوکێشەکەدا بەشدار بکەی و بەپێی دەوری ئەو فاکتۆرانە بارودۆخی ئێستای وڵات هەڵسەنگێنی و بۆ داهاتوو پلان و بەرنامەمان هەبن. لە هەنگاوی یەکە‌مدا ئێمە تاوتوێی بارودۆخی دەسەڵاتمان کرد، دوای نیزیک لە ١١٥ ڕۆژ لە دەسبەکاربوونی ڕەییسی، دواتر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرینتر دەبنەوە و لە مێتۆد و شێوازی جۆڕاوجۆردا دەردەکەون. بەتایبەتی‌تر تاوتوێی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەمیشە گوتومانە، شعووری سیاسی و هەستی نەتەوایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ پتر پەرەدەستێنێ و ئێمە شانازیی بە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان دەکەین. ئەوانە تەوەری سەرەکیی لێکدانەوەی کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بوون کە ئەندامانی ڕێبەری ڕاوبۆچوونی خۆیانیان لەسەر دەربڕی و کۆبوونەوەکە کۆبەند و ئاکامگیریی لێ کرد و لەو پێوەندییەدا کۆمەڵە ڕاسپاردەیەک بە دەفتەری سیاسی درا.   کابینەی ڕەییسی بە یەکدەست‌کردن و نیزامی‌کردنی پتری دەسەڵات وڵات بەرەو کوێ دەبا؟ ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن و حیزبە کوردییەکان لەو بارودۆخەدا چییە؟ بە گشتی ئەوە سروشت و خەسڵەتی شۆڕشەکانە. کاتێک کە شۆڕش دەکرێ ئەو لایەنەی کە شۆڕش دەکا خەڵک ڕووی تێ‌دەکا. لە ئێراندا بەرەی خومەینی و شیعە و ئیسلامی شیعە، بەربڵاو چوونە پێشێ و خەڵکێکی زۆریان ڕەگەڵ خۆیان خست. دوایە بەرەبەرە خەڵکیان لێ تەکییەوە و هەوڵەکان بەردەوام بۆ ئەوە بوون کە بەناوی ئەو خەڵکانە کە شۆڕشیان کردووە، دەسەڵات یەکدەست‌تر دەکەن. کە کات تێ‌دەپەڕێ شۆڕش و عاتفە هەمووی تابیعی کەش‌وهەوایکە لەوێدا  لێپرسینەوە و بەدواداچوون کەمە، ئەو کەسە کە دروشم دەدا تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕەپانەکە دەگرێتە دەست. بەڵام دوایە کاتێک کە دێتە سەر ئیدارەی وڵات، دەبێ وڵاتێک بەپێی هەموو پێویستییەکان بەڕێوە ببا و لێرەدا کێشەکان دەست پێ دەکەن. لەو ڕۆژەوە دەکرێ بڵێم ئاڵقەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵک هەر دێ و بەرتەسک دەبێتەوە. مووسەوی، ڕەفسنجانی، خاتەمی، ئەحمەدی‌نیژاد و ڕووحانی‌ دێن و دەڕۆن و هەموو ئەوانە کە سەرۆک‌کۆماری ئەو ڕێژیمە بوون، پاش ماوەیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە کە خامنەیی ئاراستەکەی دیاری دەکا پرسیاریان لەسەر دروست دەبێ. ئیدی ئەمجارە ڕێبەری ڕێژیم بەو قەناعەتە گەیشت کە ئەو کێشانە لە کۆڵ خۆی کاتەوە، بەمجۆرە بە دەستنیشان‌کردنی ڕەئیسی، دەوڵەت و مەجلیس و ڕێبەری و ئۆڕگانیزمەکانی دیکەی حکوومەت لە یەک بازنەدا جێیان گرت و دەکرێ بڵێی دەسەڵات پتر لە هەر کاتێک یەکدەست بووە. ئێستا ئیدی بەشێکی زۆر لەوانەی پێشتر لە ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕێژیمیش بوون ڕەخنەی توندی لێ دەگرن و ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەڵکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی کەم دەبنەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بە ژمارەی دژبەرانی ئەم ڕێژیمە زیاتر دەبن.   بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی درێژەکێشانی تەمەنی ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە سەر پەڕش‌وبڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە کوردیشەوە. بەڕێزت هەموو کات چ ڕەخنە‌گرانە و چ بە پێشنیار باستان لە پێویستیی کارابوونی ئۆپۆزیسیۆن و بوونی بە بەدیل و ئاڵترناتیڤ کردووە. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، باشترین ئاڵترناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی چییە؟ جارێ با ئەوە بڵێم ئەوەی لە سەردەمی ئێستا‌دا پێی دەگوترێ سۆشیال مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەورێکی زۆریان هەیە لە تەبلیغات دژی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی دەیان ڕایەڵەی مێدیایی هەیە و پارەیەکی خەیاڵییشی لێ خەرج دەکا و ئەگەرچی هیچیشی بۆ خەڵکی ئێران نییە و هەموو بۆ مەرامە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیم و هەناردەی شۆڕشە، کەچی دەرەقەتی ئەو سۆشیال میدیا بەهێزەی ئۆپۆزیسیۆن نایە. لەنێوخۆی وڵاتیش ناڕەزایەتییەکان بەربەرین و جۆراوجۆرە و ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک پتر دێتە مەیدان و شێوازی جەماوەری دەگرێتە خۆی. دەمەوێ بڵێم لە ئێستادا زۆربەی زۆری کۆمەڵانی خەڵک لەدژی ئەو دەسەڵاتەن، خۆپیشاندان دەکەن و بەلەبەرچاوگرتنی سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم تێچووی قورسیش بۆ ئەو دژایەتییە دەدەن. ئەو دۆخە دەتوانێ چەندی زیاتریش بەو ڕەواڵە بڕواتە پێشێ، بەڵام نیزامێکی سیاسی هەر بە نەفسی ناڕەزایەتی و دژایەتی ناڕووخێ و ڕووخانی نیزامێکی سیاسی ئاڵترناتیڤی دەوێ. گرفتەکە لە ئێران‌ ئەوە نییە کە خەڵک خەبات ناکەن بگرە خەڵک زۆرتر لە گۆڕەپانەکەدان و باجی زۆریش دەدەن، بەڵام کێشە لێرەدا ئۆپۆزیسیۆنە. سروشتی کۆماری ئیسلامی ڕوونە و خۆی لە سەرکوت و زەبروزەنگ و کوشتوبڕدا دەبینێتەوە و هەر ئەو سیاسەتەش بە دژی خەڵک، خەڵکێکی زۆر لێ دەکا بە ئۆپۆزیسیۆن. بەڵام ئەو ئۆپۆزیسیۆنانە تا ئێستا نەیانتوانیوە ئاڵترناتیڤ و بەدیلێک بۆ جێگرەوەی ڕێژیم ساز بکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕای وایە کە ئێستا پتر لە هەموو کاتێک لە ئێراندا پێویست بەو ئاڵترناتیڤە هەیە. کۆمەڵگەی جیهانی وەک ئێمە سەیری کۆماری ئیسلامی ناکا، ئەوان خەڵکی ئێران نین و بەو پێیەش دژی کۆماری ئیسلامی نین. ئەوان ئێران لە بازنەی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسەتی کەلانی ئەمنییەتیی خۆیاندا هەڵدەسەنگێنن و بەوپێیە سیاسەتی خۆیانی لەگەڵ دەکەن. بۆ ئەوەش کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جۆری ڕوانینی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامی بگۆڕێ، دەبێ جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی لەنێو بەرەی دژبەرانی ئەم ڕێژیمەدا دروست بووبێ. بەڵام ئەم کەمایەسییە بە چی جێبەجێ دەبێ؟ بە لێک‌نیزیک‌بوونەوەی ئۆپۆزیسۆنی کۆماری ئیسلامی. کە باس لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییش دەکەین پێم‌خۆشە پێداگری لەسەر ئەوە بکەمەوە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە گەورەترین ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەنێو خۆی وڵات و لانیکەم دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتن. ئەو لانی کەمە، هەرچەند لە سۆشیاڵ مێدیای فارسیدا زۆر دەردەکەون، بەڵام بەداخەوە کەم و زۆر وەکوو ئۆپۆزیسیۆنێکی مێدیاییان لێ هاتووە. چار چییە، چار ئەوەیە لە قسە و گوفتار و کرداردا ڕوو بە خەڵکی ئێران، شتێک بڵێن و شتێک دیاری کەن کە هیوا و ئۆمید بۆ خەڵکی ئێران دروست بکا.   لەو بەشەدا کە پێوەندیی بە کوردەوە هەیە، کێشەی کورد هەر نەمانی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو چەندوچۆنیی ئەو مافە دێموکراتیک و نەتەوەییە کە دەبێ ئەوانیتر دانی پێدا بنێن. کەچی بەشی زۆری ئۆپۆزیسیۆن ئێستا هەمان شێوە ڕوانینیان هەیە کە کۆماری ئیسلامی هەیەتی. گرفت چییە؟ ئایا لایەنە کوردییەکان نەیانتوانیوە لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆندا مافەکانیان بچەسپێنن؟ تەنانەت جۆرێک شەرمێونی بە داواکاریی ئۆپۆزیسیۆنی کوردییەوە دیارە. بۆ وایە؟ ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە دەرجەی یەکەم بە پانتایی پرسەکانی کوردستان‌ و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حیزبە کوردییەکاندا و، دوایەش ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ حیزبە ئێرانییەکاندا ئەوە سیاسەتمان بووە کە یارمەتی بە ڕێککەوتن و کۆدەنگی و لێک‌تێگەیشتنەکان بدەین. ئینسافەن حیزبی دێموکرات لەو بوارەدا بەرپرسانە جووڵاوەتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێراندا، شەهید دوکتور قاسملوو، بەڕاستی ڕچەشکێن و کەسایەتیی دیاری ئەو مەیدانە بوو لە سیاسەت‌کردن و دیپلۆماسی و دانوستاندا. ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بیرەوەرییەکی باشیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەیە، ئەو بیرەوەرییە باشە بەشێک بووە لە مێژوو و ئێمە دەتوانین وەبیریان بێنینەوە، بەڵام ناتوانین هەمیشە سیاسەتی پێ بکەین و سیاسەتی ئێمە دەبێ لەسەر بابەتەکانی ئەمڕۆ بێ. بەخۆشییەوە کوردستان لەدژی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لەسەر خەتە. خەباتی سیاسی، جەماوەری، مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەپارێزی، زمانی و دەرکەوتنی خەڵک بە بۆنەی سیاسی و میژوویی ئامادەییەکی زۆری لە کوردستان لە هەموو چین‌وتوێژەکان و لە هەموو بەشەکاندا دروست کردووە. ئەوە گەورەترین ماتریالی ئێمە و ئۆپۆزیسیۆنی کوردە لەدژی کۆماری ئیسلامی و لە هەمان کاتدا کە ڕوو بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و خەڵکی نێوخۆی ئەو وڵاتە بڵێین کوردستان ئەوەیە بەو حیزبانەی هەیەتی و بەو خەڵکانەی لە پشت حیزبەکانن و بەو داخواز و مافانەی بۆی تێ‌دەکۆشن. کوردستان دەوروبەری ١٠ میلیۆن کەسە و ئەو خەڵکە مافخوازە ئەگەر بە مافەکانی نەگا، چ لەو حکوومەتەدا کە ئیحتمالی کەمە، و چ لە حکوومەتی داهاتوودا، خەبات و تێکۆشانی بەردەوام دەبێ. بۆیە کوردستان فاکتەرێکە کە دەبێ لە ئێرانی ئێستا و هەروەها داڕشتنەوەی ئێراندا لەبەرچاو بگیردرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تازەترین کۆنگرەی خۆیدا ڕای وایە کە فێدرالیزم دەتوانێ چارەسەری مەسەلەی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێران بێ. ئێمە دەڵێین لەسەر ئەساسی بەشداری و هاوبەشی، لێک‌تێگەیشتن و یەکتر قەبووڵ‌کردن هیچ لایەک نەخرێتە پەراوێزەوە و هەڵاواردن نەمێنێ و، ئێران بەیەکەوە ئیدارە بکەین. بە نەیارانی کۆماری ئیسلامیمان گوتووە ئەوە بە ڕێککەوتن و سازان دەکرێ. ئێمە ئەوە بە دێموکراسییەک ناسپێرین لە داهاتوودا کە ئێمە بکەوینە کەمینە و ئاوان زۆریینە بن. یەکەم لەسەر هێندێک ڕوکنی ئەساسی و قانوونی ڕێککەوتنێک دەکەین کە کەس هەڵینەوەشێنێتەوە. دوویەم، ئێمە با زۆر بە ڕاشکاوی بە هەموو لایەنەکان بڵێین لە کوردستان بە خۆشییەوە کە تا ڕادەیەک زۆر خەڵک سیاسەتەکانی حیزب دێموکراتیان قەبووڵە، خەڵک لە کوردستان وەزاڵە هاتووە و ڕەخنە لە من دەگرن، ڕەخنە لە حیزبی دێموکرات دەگرن و دەڵێن ئێوە هەوڵ دەدەن بۆ خودموختاری وەڵامتان نادەنەوە، باسی فیدڕالیزم دەکەن وەڵامتان نادەنەوە، لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زۆر بە حەوسەلە دەچنە پێشێ کەچی دیسان جوابتان نادەنەوە، بۆیە ئەگەر هەروا بڕواتە پێشێ با بزانن کە بۆچوونێکی بەهێز لە کوردستانی ئێران هەیە کە داوی دەوڵەتێکی کوردیی خۆی دەکا. دەڵێ وا دیارە ئێرانییەکان نایانەوێ بە هیچ جۆر لەگەڵ ئێمە بحاوێنەوە. جا ئەگەر وایە ئێمە ئەو هەمووە تێکۆشان و خەباتە دەکەین و هیچ دەرەنجامێکی نابێ، حەقی ئێمەیە، حەقی ئەو میللەتەیە بیر لە داهاتووی سەربەخۆی خۆی بکاتەوە. دیارە ئەوە سیاسەتی ئێستای ئێمە نییە، بەڵام دەمەوێ بڵێم بۆچوونێکی ئاوا هەیە و بەهێزیشە. ئێمە لە دیدارەکانی خۆماندا گوتومانە کە تابیعی ڕاسپاردە و پەسندکراوەکانی کۆنگرەکانی خۆمانین و ئەوەی لەگەڵ ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی لەسەری دواوین و گوتومانە کە بەپێی بڕیارەکانی کۆنگرەی حیزب دەڕۆینە پێشێ. بەڵام لە کوردستانی ئێران ڕەنگبێ خەڵک لەو بۆچوونە ماندوو بووبێ،  ماندووبوون نە بەو مانایە لە حیزبی دێموکرات ناڕازی بن، خەڵک حیزبی دێموکراتیان خۆش دەوێ، ئەو حیزبە حیزبێکە بەڕابردووە، ڕێبەرانێکی هەبووە لە پێناو ئەواندا خوێنیان داوە، بە هەزاران شەهیدیان بۆ مافەکانی گەل داوە، بەڵام خەڵک پێمان دەڵێن ئێوە لە تەعاموول لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا زیادە لە حەد بەحەوسەلە بوون. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە جموجۆڵێکی مافخوازانە و شوناس‌خوازیی نەتەوەییە کە هەمووی لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دایە. حیزبی دێموکرات لە بەرنامەی خۆیدا باسی دیاریکردنی مافی چارەنووسی کردووە، بەڵام لەسەر چۆنیەتیی لێکدانەوەی ئەو مافە و بە خوێندنەوەی ڕەوشی دۆخ و مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، لە ئێستادا نیزامێکی فیدراڵ بەباش دەزانین. ئێمە لە گۆنگرەی ١٦دا ڕامانگەیاندبوو، ئەگەر وەڵاممان نەدەنەوە و بۆ داهاتووی ئێران ئامادەی ڕێککەوتن نەبن، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆن حاشا لە ماف و داخوازە ڕەواکانمان بکەن، کورد مافی خۆیەتی پەنا بۆ ڕێفڕاندۆم ببا. ئەو نەتەوەیە دەیان ساڵە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامە و هەموو مێتۆدێکی خەباتی تاقی کردۆتەوە و بەردەوام پێداگر بووە کە دەیەوێ بە ئاشتی و لە ڕێگەی دانوستانەوە مافەکانی دابین ببن، بەڵام کە هەر جواب نەبوو ئەو ناچارە ڕێگای دیکە بگرێتە بەر.   کاک خالید حیزبی دێموکرات و پرسی کورد بۆ داهاتووی ئێران دەرفەتە یان هەڕەشە؟ وەک گوتم کورد لە ئێران نیزیک بە هەشت دەیەیە بۆ دێموکراسی و ئازادی و مافەکانی خەبات دەکا. حیزبی دێموکراتیش حیزبێکی جەماوەرییە و هەموو چین و توێژەکانی تێدایە، هەموو زاراوە و ئایینەکانی تێدایە. ئێمە دەستمان ئاواڵایە و جێگامان هەیە بۆ هەموو جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵ. مادام دەستمان ئاواڵایە خەبات و تێکۆشانەکەشمان جۆراوجۆر و فرە ڕەهەندە و، ڕەهەندی ئەساسی و سەرەکیی ئێمە جووڵانەوەی نێوخۆی وڵاتە. نێوخۆی وڵات دەنگی بەرزە بەدژی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ حیزبی دێموکرات، شوێنێکە پەیام دەدا بە جیهانی دەرەوەش کە ئەگەر بیر لە داهاتووی ئێران دەکەنەوە، بەبێ خوێندنەوەی کوردستان ئەم وڵاتە ئەمنییەت و ئاسایش بەخۆیەوە نابینێ. بەڵام وەک گوتت مەسەلەکە ئەوەیە کە کوردستان دەرفەتە یان هەڕەشە؟ کوردستان دەرفەتە و هەڕەشە نییە، بۆ؟ لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، کە ڕێز لە مافی مرۆڤ و مەنشوورەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێ و باس لە پێویستیی پەرسەندنی دێموکراسی و، وەدیهاتنی بنەماکانی مافی ئینسان و کۆمەڵ دەکا؛ هەموو ویست و داخواز و مافەکانی ئێمە لەگەڵ پڕەنسیپ و بایەخە جیهانداگرەکان تەبان و لە یەک چوارچێوەدا جێ دەگرن. ئێمە بینیمان کە لە عێراق کوردستانی عێڕاق دەرفەت بوو بۆ دروست‌کردنەوەی ئەو وڵاتە، عێراق کوردستانی لەگەڵدا نەبێ دروست نابێتەوە. لە سووریەش هەر وا دەبێ، تورکیەش لە داهاتوودا هەر دەبێ بەرەو ئەوە بڕوا. بۆیە کوردستانی ئێران بۆ داهاتووی ئێران دەرفەتە و ئەگەر ئێرانییەکان لەو دەرفەتە کەڵک وەرنەگرن، هەڵەیەکی گەورە دەکەن.   کاک خالید لەو ماوەیەدا دوو بابەتی گرینگ هەبوون. بەردەوامیی هەڕەشەکانی سپای پاسداران لە حیزبە کوردییەکان، هەروەها چەند ڕۆژ لەوە پێش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی چۆنیەتیی پرسی کوردی لەو وڵاتانەدا کرد کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. لێکدانەوەی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟ نیزامی کۆماری ئیسلامی بەشێکی سیاسەتی ئەوەیە هەڕەشە بکا، لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوە خەڵک بتۆقێنی. لەهەمبەر حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد، ئەم هەڕەشانەشی عەمەلی کردووە. لە تێرۆری ڕێبەرانی شەهید و تێرۆری کادر و پێشمەرگەکانی دیکەمان ڕا بگرە تا دەگەینە ڕووداوەکەی شەوی یەڵدا و دواجار مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات. بەڵام ئەمری واقع دەری خستووە کە بە هەڕەشە و تێرۆر و سەرکوت جووڵانەوەی میللیی کورد لە ئێران بەچۆک‌دا نەهاتووە و، حیزبی دێموکراتیش بە خۆشییەوە لە مەیدانەکەدا بە بەهێزی ماوەتەوە. جا ئەگەر وایە زمانی هەڕەشە و ئێعدام و ئەشکەنجە کار لە ئێمە و حیزبی دێموکرات ناکا. ڕەنگە زیانمان پێ بگەیەنێ، بەڵام ئەو جووڵانەوەیە هێندە بەربەرینە هێندە جەماوەرییە، هێندە بەرحەقە کە بەردەوام دەچێتە پێشێ. ئەوەش کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا باسی کرد بۆچوونێکی زۆر باش و بەجێ بوو. کاک نێچیرڤان پێشووتریش هەر لەسەر خەت بووە و ئینسافەن بەو پرسەوە ماندوو بووە، لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی قسەی کردووە و لەگەڵ ئێمەش وەکوو حیزبی دێموکرات قسەی کردووە، تەنانەت چەند ساڵ پێش دانیشتنێکیش بە نێوبژیوانیی کاک نێچیرڤان لەنێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیدا کرا. نیازی کاک نێچیروان ئەوەیە کە چارەسەری پرسی کورد هەر وتووێژ و دانوستانە. جا ئەمن دیسان دێمەوە سەر بابەتی دەرفەت و هەڕەشە و پرسی کورد کە باسم کرد و دەڵێم لە بەینی هەڕەشە و دەرفەتدا هەڕەشە نایباتەوە، ئەوە دەرفەتەکە دیباتەوە. ئەزموون و ڕابردووی ٤٠ ساڵی پێشوو دەری خستووە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێمەی پێ لەبەین ناچی. پەیامی ئێمە لە سەردەمی شەهید دوکتور قاسملووی نەمرەوە کە هەمیشە بۆ ئەو بابەتە لەسەر خەت بووە، ئەوە بووە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان باوەڕی بە ڕێگا چارەی نیزامی نییە، بەڵام بەرگری لەخۆی دەکا. ئەگەر هاتە سەر بەرگری و مقاومەت، بێگومان لە خۆپاراستن و بەرگری‌کردن لە خۆی تەنەخی ناکا. بۆیە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان پێ پەیامێکی باش بوو.   کاک خالید پرسێکی گرینگی نێوخۆی ڕۆژهەڵات پێوەندیی بە کورد و ئازەرییەکانەوە هەیە. هەر جارناجارێکیش کێشە و گرفتێک لەو ناوچانەی کورد و ئازەری بەیەکەوە دەژین دروست دەبێ. خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات و قسەی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟ ئەوە بابەتێکی گرینگە و بە ئێمە و هەموو لایەک دەڵێ کە دەبێ بەدوای چارەسەری گونجاودا بگەڕێین. ڕوونە کە کورد و ئازەری بەدرێژایی مێژووی بوونیان لەو ناوچانە لە دراوسێیەتیی یەکتردا ژیاون و پێکهاتەی هێندێک لە شار و ناوچەکانیش وابووە کە لە هەردوو نەتەوەکەی تێدا بووە، ئەمە فاکتەرێکی سەرەکییە. فاکتۆری دوویەم ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئەو هاوکێشەیەی لە بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیدا بەکاری هێناوە. فاکتەری دیکە سپای پاسدارانە کە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەو پرسە دەکا و لەو ناوچانەی کە کورد و ئازەری پێکەوە دەژین، دەسەڵاتی موتڵەقی هەیە و دەبینی کە لە پارێزگای ورمێ و لەو ناوچە تایبەتانەدا ئەوە سپای پاسدارانە کە بە دەسەڵاتی میلیتارییەوە حکوومەت دەکەن بەسەر کورددا. بەڵام سیاسەتی ئێمە و چارەسەر. ئەمن بۆخۆم زۆر لە ناوچەی ورمێ و نەغەدە و شۆێنەکانی دیکە بووم و هاوڕێی زۆرم لەنێو ئازەرییەکاندا هەیە. ڕێگاچارەکە ئەوەیە، ڕووناکبیران و ئیلیت و نوخبەکانی ئازەری و کورد بەوە بگەن لە گێژاوی ئەو هاوکێشەیەدا نەمێننەوە کە کۆماری ئیسلامی دروستی کردووە یان هێندێک لە پان تورکیزمەکان خوڵقاندوویانە. لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران و لە سەرەتاکاندا کورد و ئازەری هەماهەنگی و هاوکاریی زۆریان هەبوو. ئەمن خۆم ئەوکات خوێندکاری زانکۆ بووم و دۆستی ئازەریی زۆرم هەبوو. پێوەندییەکانی ئەو دوو نەتەوەیە زۆر خۆش بوو. پێشتر و لە سەردەمی کۆماری کوردستانیشدا، پێشەوا قازی محەممەد و پیشەوەری زۆر لەو کێشانەیان چارەسەر کرد. تەنانەت ڕێککەوتن و بەڵگەنامەی لەسەرە. جا ئەگەر وایە ڕێگاچارە هەیە بۆ چارەسەرکردنی، ڕێگاچارە لە نێوان تێکۆشەرانی ئازەری و کورد دایە. بۆیە هیوادارم بەتایبەت لە شاری ورمێ تێکۆشەرانی کورد و ئازەری، کە بەپەرۆشن بۆ داهاتووی ناوچەکە و هەردووک لا خۆی تێدا دەبیننەوە، پێوەندییەکانیان زۆر و باش و پتەو بن، بەیەکەوە کۆڕکۆمەڵی فەرهەنگی دروست بکەن و هەوڵەکان لەو پێناوەدا بێ کە لێک‌تێگەیشتنی باشتر و زیاتر لەنێوانیاندا هەبێ. هەم ئازەرییەکان ئەوە قبووڵ بکەن کە لە تەنیشت خۆیان بۆ ئیدارەی ئەو ناوچەیە کورد ببینن، هەم کوردەکان ئەوە قبووڵ بکەن کە لەگەڵ ئازەرییەکان ئەوێ ئیدارە بکەن. ئەگەر ئازەرییەکان بەشوێن حەزف و سڕینەوەی کورددا بن، لە هەڵەدان. ئەگەر کوردەکانیش بە دوای حەزفی ئەواندا بن هەر هەڵە دەکەن بۆ؟ چونکی هەردوولا دەبێ قەبووڵی بکەن کە بوونیان لە تەنیشت یەکتری ئەمری واقعە. نابێ بهێڵن کە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ کە بە دوای مەرامی سیاسیی خۆیانەوەن، کێشەکانیان لێ قووڵتر بکاتەوە و، لاشم وایە کە چارەسەری یەکجاری کار و ئیرادە و بڕیاری هاوبەشی هەردوولا بەیەکەوەیە.   کاک خالید وەک دواپرسیار، پرسیاری هەمیشەیی خەڵک دەکەمەوە کە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان گەیشتە کوێ؟ لەڕاستیدا ئەگەر قەبووڵی بکەین کە لێکدابڕان و لەت‌بوونی حیزبی دێموکرات ئاکامی تووڕەبوون و پێکەوە کارنەکردن لەگەڵ یەکتری بووە، بەڵام وەسەریەک‌کەوتنەوە و بوون بە یەک حیزب ئاکامی بیرکردنەوە، عەقڵانییەت، زەروورەت و زاڵبوونی مەنتیقە. لەو هاوکێشەیەدا زۆر فاکتۆر هەن کە دەبێ قسەی لەسەر بکەین، لێک حاڵی بین، متمانە دروست بکەین، نیازپاکیی هەردوولا بۆ یەکتری دەرخرابێ؛ دوایە لە تەنیشت ئەوانە بۆ بە مەیدانی کردنی ئەو عەقڵییەتە، لەسەر ئەوانە قسە بکەی کە ئیدارەی هاوبەشی ئەو حیزبە لە داهاتوودا چۆن دەبێ. لە ئاکامی سەنگ و سووکیی هەمووی ئەوانەدا دەبێ بڵێین کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی جەماوەرییە، هەزاران کادر و پێشمەرگەی هەیە، دەیان هەزار ئەندامی هەیە، دەیان دامەزراوی جۆراوجۆری هەیە، تێکەڵ‌کردنەوە و یەک‌خستنەوەی ئەوانە حەوسەلە و پشوودرێژی دەوێ. تا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە ئێمەوە هەیە، هەوڵمان داوە، لەژێر ڕووناکایی بە هەست بە بەرپرسیارێتیی حیزبی و، لە چوارچێوەی پانتاییەکی گەورە کە بۆ زەروورەت و پێویستیی خەباتی نەتەوەی کورد دەگەڕێتەوە، ئەو پڕۆسەیە جێبەجێ بکەین. بۆیە ئێمە لە ڕاستیدا هەم نەرمیی زۆرمان نیشان داوە و هەم هەوڵمان داوە لێک‌تێگەیشتنەکانمان ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر ببن. بەڵام سروشتی دانوستان وایە، لە دانوستان لەسەر خاڵەکان قسە دەکەی، چ عەمەلی دەبێ، چ عەمەلی نابێ، ڕەنگە تۆ قۆناغێک ئاوا بڕۆیە پێشێ. دوایە لە جەریانی دانوستاندا، شتێک بێتە پێشێ و شتێک سەرنجی ڕانەکێشابێتی و وا بکا بڕێک بگەڕێیتەوە دوایە و دیسان بچیتە پێشەوە. مەبەستم ئەوەیە هەوراز و نشێوی دەبێ. من بە ئاکامی هەوڵەکانمان گەشبینم و خۆشبینیەکەم لەوە سەرچاوە دەگرێ کە خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر یەکگرتوویی‌خوازن و زۆر داوای یەکگرتنەوە دەکەن کە داوایەکی پیرۆزە و ئێمەش لەو پێوەندییەدا هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین. لەو بارەیەوە چاوەڕوانیم لە خەڵک ئەوەیە کە یارمەتیمان بدەن، چاوەڕوانیم لە ئەندامانی دێموکرات لە هەر دوو لا ئەوەیە کە وەپێش ڕووداوەکان و وەپێش بڕیارەکان نەکەون. بەخۆشییەوە هەیئەتەکانمان ماندوویی‌نەناسانە لەسەر ئەو ئەرکە بەردەوامن.   سپاس کە کاتتان بۆ ئەو وتووێژە دانا. ئێوەش ماندوو نەبن.