کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات

17:51 - 28 سەرماوەز 2721

ئەمساڵیش وەک ساڵان و بۆنەکانی پێشوو و به بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی ئەرک‌وەخۆگری حیزب لە شار و ناوچەکانی کوردستان بە جۆرێک ڕێزیان لە یادی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و  فیداکاریی پێشمەرگەکانی کوردستان گرت کە جێی ڕێز و پێزانینە. تێکۆشەرانی دێموکرات لە زۆربەی زۆری شار و ناوچەکانی نیشتمان و لە چوارچێوەی کاری تەبلیغیی پێ‌ئەسپیێردراوی هەرێمە تەشکیلاتییەکانی خۆیاندا، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و درووشمەکانی تایبەت بە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، ڕێزیان لە فیداکارییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێمای بەرزی نەتەوەیی نەتەوەکەیان (ئاڵای کوردستان) گرت. ئەگەرچی بۆ چەند دەیە دەچێ کە کوردستان لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەتی و نیزامی و سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەها میلیتاریزە کراوە کە تێکۆشان و چالاکیی نەتەنیا بۆ تێکۆشەرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات بەڵکوو بۆ چالاکانی بواره‌کانی مەدەنیش بەرتەسک کراوەتەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بە بەڕێوەبردنی ئازایانەی ئەرکەکانیان نەیانهێشتووە باندی مافیا و تێرۆریستی سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتی و سیخوڕییەکانی ڕژیم هیچکات لە کوردستان هەست بە ئاسوودەیی و زاڵبوون بە سەر خاک و خەڵکی نیشتمانەکەماندا بکەن. ئەوساڵیش بە تایبەتی دوای هاتنە سەرکاری ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرکۆماری نوێی ڕێژیم کە خۆی یەکێک لە مۆرە بەدناوەکانی کۆماری ئیسلامییە و لە سەرکوتی خەڵک و تێکۆشەرانی سیاسیدا پێشینەیەکی ڕەشی هەیە، دیسان شەپۆلێکی بەربڵاو لە گرتن و زیندانی کردنی خەڵکی کوردستان بۆ چاوترسێن‌کردنی ڕۆڵە ئازاکانی گەل دەستی پێ کرد، بەڵام چالاکییە بەربڵاوکانی ئەندامان و  لایەنگرانی تێکۆشەری حیزب بە بۆنەی ڕۆژی و ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە سەرماوەزی ئەمساڵدا سەلماندیان که هیچ دەسەڵات و هێزێکی سەرکوتکەر ناتوانێ کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی لە تێکۆشان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی سارد بکاتەوە. بۆیە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای شانازی‌کردن به ئیرادەی لەبڕاننەهاتووی تێکۆشەرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات و پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش به ئەندامانی هەڵسووڕ و ئەرک‌وەخۆگری حیزب دەکات و بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان‌دا بۆ بە ئاوات دەخوازێ. سڵاو لە ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان سپاس و پێزانین بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠