کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئەمنییەتی و تیپۆلۆژیی هەڕەشە

04:02 - 16 رێبەندان 2721

ئەگەرچی خەسارناسیی هێندێک هەڕەشەی ئەمنییەتی بۆ ڕووداوەکانی سەردەمی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بەڵام بەکاربردنیان لە وانەکاندا دەستکەوت و کاریگەریی باشی بۆ خەسارناسیی هەڕەشە هەنووکەییەکان و ئەوانەی لە داهاتوودا دێنە ئاراوە دەبێ. لەلایەکی تر ئەمجۆرە پێڤاژۆیانە بەستێن‌سازی، ناسینی نێوەرۆکی هەڕەشە و چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵی هەڕەشەی پەنگخواردوو و هەنووکەییەکانی لێ دەکەوێتەوە. هەڕەشەی تەناهی لە بەستێنی سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بریتییە لە هەرجۆرە مەبەست، نییەت، پێشهات و هەوڵدانێک کە سەقامگیریی سیاسی، ئابووری، سەرچاوەی ژیان و تەناهیی نەتەوەیی یەک وڵات/نەتەوە بخاتە ژێر مەترسیی جیددییەوە. هەڕەشە حاڵەت، دۆخی تایبەت، ڕەفتار و دیاردەیەکە کە خوێندنەوەی جۆراوجۆری لێ دەکرێ؛ و ئاست و سنووری هەڕەشە پێوەندیی بە شوێن و کاتەوە هەیە. بنەمای هزری سیاسی و کەشی ئەمنییەتی کاریگەریی دیاریکراویان لەسەر پێناسە، هێز و ئەمنییەتی هەڕەشە هەیە و دەکرێ دیاردە یا پرسێک بۆ کۆمەڵگەیەک دیاردەیەکی ئاسایی و پرسێکی ساکاری کۆمەڵایەتی بێت، لە کاتێکدا هەمان دیاردە و دۆخ بۆ کۆمەڵگەیەکی تر بە پرسێکی نائاسایی، مەترسیدار و تەنگەژەیەکی ئەمنییەتی دابندرێ. هەربۆیە نێوەرۆک، جۆر، ئاست و پانتایی هەڕەشە گرێ دراوە بە بڕوا و ڕوانینی لایەنەکانی دژ، بەستێنی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و؛ شوێنی ڕوودانی هەڕەشەکەش گرێ دراوە بە وێژمانی جۆربەجۆری ئەمنییەتی. وەک میناک: لە تیۆریی ڕیالیستی بەتایبەت تیۆریی "هاوسەنگیی هەڕەشە" و قوتابخانەی "کۆپێنهاگ"دا هەڕەشە ڕۆڵی ئەساسیی لە تەناهی نەتەوەییدا هەیە، لە کاتێکدا لە تیۆریی "هێزی نەرم" هەڕەشە لە پەراوێزدایە و بابەتی تر گرینگیان پێ دەدرێ. هەڕەشەکان لەسەر ئەساسی دەرهاویشتەی جۆراوجۆر بەتایبەت؛ ئاست، بابەت، کەرەسە و شێوەی بەکارهێنان پۆلێنبەندی دەکرێن و خاڵی هاوبەشی هەموو هەڕەشەکان "سەپاندنی ئیرادە" بەسەر هێزی بەرامبەرە و جیاوازیی هەڕەشەکان لە بەکاربردنی مێتۆد و کەرەسەکان‌دایە. هەڕەشە دەکرێ بە پێداگری لەسەر هێزی فیزیکی و بە پاڵپشتیی توانستی سیاسی، ڕەوانی و جۆرەکانی ناتوندوتیژ و لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزی نەرم بۆ کاریگەری لەسەر ئیرادەی دژبەر و هێزی بەرانبەر جێبەجی بکرێ.   پێناسەی تەناهی بە گەڕانەوە بۆ جەوهەری هەڕەشە دابەشکردنی مەترسییەکان بە سەرەنجدان بە بواری "ڕەهەند" بەربڵاوترین ڕوانگە لە دابەشکردنی تەناهی لە خۆی دەگرێ کە پاڵنەری هەڕەشە بە ڕوانینێک لە مەیدانی هەڕەشە کە تێیدا ئەنجام دەدرێت بە پێوەری ڕەهەند هەوڵ بۆ ناساندنی دەدرێ. "باری بوزان" لە کتێبی "خەڵک، دەوڵەت و ترس" هەڕەشەکان لە چوار ڕەهەندی سیاسی، ئابووری، نیزامی و تێکنۆلۆژیدا جێ دەکاتەوە.   هەڕەشەی سیاسی هەڕەشەی سیاسی ڕووی لە سەقامگیریی دەوڵەتە. تۆماس هابز لەسەر ئەم بڕوایەیە کە دوای هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن خەڵکەوە و گۆڕانی ئەو خەڵکە بە شاڕۆمەندی دەوڵەت، ئیتر دەوڵەت هەڵگری شۆناسی سەربەخۆ دەبێ و شوێنی شۆناسی خەڵک بە دەوڵەت هەڵدەسەنگێندرێ. بە بڕوای ئەو دەوڵەت وەک گیاندارێک هەڵگری هێزی بانتری وەک "لیڤیاتان/حکومەت"ە، کە بڕیار دەردەکا و ئەندامانی ژێر دەسەڵاتی ئەم حکوومەتە، جێبەجێ‌کردنی فەرمانە دەرکراوەکان بە ئەرکێکی سەرشانی خۆیانی دەزانن. پێناسەی "هەڕەشەی سیاسی" بەپێی ڕوانگەی "باری بوزان" لەسەر ئەوە دەوەستێ کە پارێزگاری لە سێ توخمەکەی دەوڵەت" ئەندێشە، ڕێکخراو و کردارەکان" لە مەترسیە دەرەکییەکان مانا بە تەوەری ئەمنییەتی نەتەوەیی دەبەخشێ.   هەڕەشەی ئابووری بەستێنی ئابووری بە هۆکاری بوونی کێبرکێی توند لەسەر بەرژەوەندییەکان بەستێنێکی کێشەخوڵقێنە کە تێیدا لایەنی جۆراوجۆر لە هەنگاوەکان (هاوکاری، کێبرکێ، دژایەتی و، بەریەککەوتن و...) دەتوانن بەرچاو بکەون. بەم هۆکارە ناوزەدکردنی ناوی "هەڕەشەی ئابووری" بۆ هەموو ئەم دیاردانە دروست نییە و "ڕابێرت ماندێل" گرینگترین پێوەر کە بۆ ئەمنییەتی‌بوونی ئەمجۆرە دیاردانە دایدەنێ، "سەقامگیری سیاسی کۆمەڵایەتی"یە. لە دابەشکردنێکی بەرفراواندا دەتوانین هەڕەشەی ئابووری لە دوو بەستێنی سەرەکیی "بەرهەمهێنان" و "دابەشکردن"دا پۆلێنبەندی بکەین. لە حاڵێکدا کە جۆری هەڕەشەی یەکەم سەرنج لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی پێویست بۆ ویستی گشتییە و هەڕەشەی دووهەمیش لە خوێندنەوەی "جان ئی رومێر" بەرابەریی دەرفەت بۆ بەدەست‌خستنی ئیمکانات لەخۆ دەگرێ.   هەڕەشە نیزامییەکان هەڕەشە نیزامییەکان بە ئاشکراترین جۆری هەڕەشەکان دادەنرێن کە پێشینەی مێژوویی دوورودرێژیان لە کۆمەڵگەی مڕۆییدا هەیە. تایبەتمەندی بەرچــاو لە دەستە هەڕەشەیەدا بەکارهێنانی "هێز و گوشار"ە کە "پێکدادان " و "شەری نێوخۆیی" بەدوودا دێ. بەم پێیە هەڕەشەی نیزامی بەکارهێنانی هێز و گوشار بۆ وەدەست‌هێنانی ویستی بەرامبەر لە بەستێنی سیاسەتی کردەیی‌دایە. ئەم ڕوانگەیە کە ئەساس و بنەماکەی لەسەر لەدەستدابوونی دەست‌پێشخەری وەستاوە، ئەو مانایە بە دەستەوە دەدا کە هەبوونی ئەمنییەتی نیزامی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە نەبوونی هەڕەشەی نیزامییەوە هەیە.   هەڕەشەکانی تێکنۆلۆژی تێکنۆلۆژی یارمەتیدەری هێندێک هەڕەشەیە کە لە سێ گرووپدا جێ دەگرن. ١- هەڕەشەی ئامێری ٢-هەڕەشەی کرداری ٣-هەڕەشەی بەڕێوەبەرێتی تێکنۆلۆژی لەم ڕوانگەیەوە گرینگە کە توانیویەتی بە بەرهەمهێنانی نەوەیەکی نوێ لە کەرەستەکان یارمەتیدەر بێ کە هێزە گەورەکان بە پشتبەستن بەوان و بەکارهێنانیان ئیرادەی خۆیان بەسەر یاریکەرانی لاوازتردا بسەپێنن و ئەم ڕەهەندە لە ئاڵوگۆڕی تێکنۆڵۆژی بۆتە هۆی شۆڕشێکی مەزن لە مەیدانی هاوکێشە تەناهییەکاندا. "ئەریک ئارێنت" لێکدانەوەی نەریتیی هەڕەشە لە سیستمی نوێی جیهانیدا بە وڵامدەر و بایەخمەند نابینێ. ئەو دەڵێ بۆ تێگەیشتنی سیاسەتەکان و شێوی کاری ڕێکخراوە نیزامییەکان دەبێ لە شێوەی نەریتیی ڕاڤەی هەڕەشەکان تێپەڕین و لە هەڕەشەکان بەربەرینتر بڕوانین، چونکە ڕێکخراوە نیزامییەکان سەرچاوەی جۆراوجۆریان لەپێناو خوڵقاندنی مەترسی و زۆرکردنی لێهاتوویی نیزامی لە بەردەست‌دایە. گرینگترین سەرچاوەش لەم بوارەدا وەبەرهێنانی دەوڵەتی، هاوردەکردنی تێکنۆڵۆژی و وەبەرهێنانی نێوخۆییە. سەبارەت بە هەڕەشەی کردەیی دوو ڕوانگەی سەرەکی بوونی هەیە: یەکەم، کۆمەڵێک ئەم دیاردەیە بە "دوور لە هەر چەشنە نۆرم" و بێبەری لە نێوەرۆک هەڵدەسەنگێنن. دووهەم، کۆمەلێک هزرڤان هەن کە دیاردەکان بە بەستێن‌ساز و پر بایەخ‌تر لە نۆرمەکان دەزانن. بنەما و بەڵگاندنی پێشکەشکراو لەلایەن لایەنگرانی هەر دوو قوتابخانە فیکریەکە شیاوی تێڕامانن، بەڵام ڕەخنەی جیددی ئەزموونگەرێتی، سەرنج، ڕەهەند و لایەنەکانی نۆرمی دیاردەکان بەرەو ئاڕاستەیەک دەمانبا کە قبوول بکەین تێکنۆڵۆژی دوور لە ئامراز و پێداویستیی نۆرماتیڤەکان نییە. لەسەر ئەم ئەساسە لە لێکدانەوەی تەناهیدا ئەم بابەتە جێگای سەرنجە کە نۆرماتیڤی دیاردەکان بۆ پرسێکی جیددی لە مودیرییەتی تەناهیدا گۆڕدراون و لە گەشەی تێکنۆڵۆژی نوێدا تەنیا بەدیارکەوتنی کەرەسەکانی کاریگەر و کارامە بۆ کردەی تەناهی ناگەڕێتەوە؛ بەڵکوو لە بەرهەمهێنانی پاڵنەری گرێدراو بە کردەوەی دەسەڵاتیشدا بەتوندی کاریگەرییان هەبووە و هەیە. لەم ڕوانگەیەشەوە کە تێکنۆلۆژی دیاردەیەکی ئاڵۆزە، بەدڵنیایەوە بەشی جۆراوجۆر لە هەڕەشە بە یارمەتیی تێکنۆلۆژی بەرهەم دێن کە وەک میناک دەتوانین بڵێین: ١- توخمی ڕدەق‌ئامێرانەی کە لە چوارچێوەی کەرەسەکاندا دەتوانین لێکەوتەکانی ببینین. ٢- توخمی نەرم‌‌ئامێرانەی کە لە چوارچێوی هزر و ئەندێشەگەلی جۆراوجۆردا دەرکەوتەکانی دەردەکەون. ٣- توخمی مرۆڤ‌دئامرازی کە لە مڕۆڤەکان و جۆری تواناییەکانیاندا خۆی پێشان دەدا. ٤- توخمی ڕێکخراوئامرازی کە بە لەنێوچوون و سەرهەڵدانی هێندێک لە دامەزراوەکان دیاری دەکرێ. لەسەر ئەساسی بڕوای "کێنت واڵتێز" چوونەسەری توانایی لەهەر ڕێگایەکەوە بێت، بەتایبەت گەشەی تێکنۆڵۆژی لە ئاڵوگۆڕی نێوەڕۆکی کولتووری یاریکەرەکانی لێ دەکەوێتەوە و لەم ڕێگایەوە بەستێنی چاڵاکی لە چوارچێوەی هەڕەشەی هاوپەیمانە نوێیەکاندا ڕێک دەخرێ. بەکورتی ئەو لایەنەی هێزی زۆرتری لە دووبارە پێناسەکردنی ویست و نیازەکانیدا هەبێ و هەروەها تێکنۆڵۆژی بەرهەمهێنانی هاندەری نوێی هەبێ، ئەم پاڵنەرە دەتوانێ بەکارهێنانی کەرەسەکان بە ئەنجام بگەیەنێ. هەر بەم هۆکارەشە "فرێدریک فری" و "کێنت واڵتێز" لە ئاڵوگۆری کولتووری تەناهیدا لەسەر توانایی یاریکەرەکان دەوەستن. بەم لێکدانەوەیە دیار دەکەوێ کە ئیدیعای کەسانێکی وەک "گاڵین گری" لەسەر ئەساسی "شەڕخواز نەبوونی چەکەکان" ناتوانێ زۆر ڕاست بێ و بەکورتی "بەهێزی لە هەڕەشەئامێز بوون" لە ڕێگای گۆڕینی جۆری کولتوور و فەرهەنگەوە کاریگەریی دەبێ. لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشەی مودیرییەتیدا دەتوانین بڵێین کە ئامادەیی تێکنۆڵۆژی چ لە ئاستی تاکەکەسی یا جیهانیدا ئەمادەبوونێکی ساکار نییە، بەڵکوو هەروەک وەک "هایدێگر" ئاماژەی پێ داوە: "ئەگەر تێکنۆڵۆژی لە خزمەت چارەنووس و ماهییەتی مڕۆڤایەتیدا بێت، ئەوکات بە هەموو توانا و پانتاییەک کە هەیەتی دیاردەیەکی باش دەبێ کە لە جەوهەری خۆیدا بە شەڕەنگێز داناندرێ. بەڵام ئەگەر مرۆڤ گیرۆدەی تێکنۆڵۆژی بێ و ببێتە خزمەتکاری تێکنۆڵۆژی، ئیتر ڕوحی شەیتانیی تێکنۆڵۆژی بەسەر مڕۆڤدا سەر دەکەوێ و هەموو ژیانی مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە. لە ڕوانگەی "هایدێگر"وە مودیرییەت توخمی جۆراوجۆری تێکنۆڵۆژی لە ئاستی نەرم‌ئامێری و چڕئامێری بابەتێکی گرینگە، بەجۆرێک کە کەمترین بێ‌توانایی و کەمتەرخەمی ‌ لەم بوارەدا دەتوانێ شۆناسی گشتی یاریکەرەکان، یەکگرتوویی، ئەرکی تایبەتی دامەزراوە، ڕێکخراو و... هتد بگۆرێ و بگرە نەزم و سەقامگیری ژیانی مرۆڤایەتیش تووشی ئاستەنگ بکا.   دەرەنجام: پێویستە بزانین کە تەناهی لە تیپۆلۆژیی خۆیدا لانیکەم بریتیە لە: لە بەرامبەر مەترسیدا نەبوون یا لە مەترسی پارێزراو بوونی بگۆڕەکان و یاریکەران لە سیستمی نێودەوڵەتییدا. تەناهییش بریتییە لە: ڕزگاری لە ترس، ئازادبوون لە دڵەڕاوکێ و ترس و بوونی متمانە و دڵنیایی یەکانگیر و پاساوهەڵگر.