کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزنامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

05:47 - 10 خاکەلێوه 2722

ڕێزنامە   بەڕێزان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان! ١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٧٥ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی قازی محەممەد، پێشەوای حیزبی دێموکرات و سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی تی‌دەپەڕێ. لەم بۆنەیەدا لەگەڵ ناردنی سڵاو بۆ ڕەوانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرقافڵەی شەهیدان و وێڕای ڕیزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانمان، ڕێز و ئەمەگناسیی خۆمان ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەی شەهیدانی حیزب و گەل دەکەین. حیزبی دێموکراتی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بە سەرمایەی مەعنەویی جووڵانەوەی کورد دەزانێ و وەک قەڵای قایمی باوەڕ و پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لێیان دەڕوانێ. جووڵانەوەی دێموکراتیک و مافخوازانەی کورد لە ئێران لە مێژووی نیزیکی خۆیدا نیزیک بە هەشت دەیەیە هەوڵی دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی ئەو گەلە دەدات و ویستوویەتی بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە بە ویستە ڕەواکانی بگا. بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە نەک هەر گوێی لێ نەگیراوە، بەڵکوو بە شەڕ، سەرکوت، تێرۆر و پەت و سێدارە و بەندیخانە وەڵامی دراوەتەوە. بەڵام گەلی کورد بۆ ستاندن و دابینکردنی مافە ئینسانییەکانی و وەدیهێنانی ئامانجە بەرز و ڕەواکانی لەبەرانبەر حاکماندا چۆکی دانەداوە، ئەگەرچی بەداخەوە لەم ڕێگەیەدا قوربانیی زۆری داوە. لە پێناو ئەو مافە ڕەوایانەدا هەزاران کەس لە ڕۆڵەکانی ئەو خاک و نیشتمانە لە سەنگەری خەباتدا شەهید بوون و گەڵێک قارەمان و تێکۆشەری گەلەکەشمان لە کۆڕی خەباتگێڕاندا هەتا سەر و دوا هەناسەی ژیانیان خەباتیان کرد و سەربەرزانە سەریان ناوەتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، (ڕۆژی شەهیدانی کوردستان) و لە ٧٥ ساڵەی شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەددا، بە ئیمان بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان و درێژەدان بە ڕێبازەکەیان کە ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە، پەیمانی وەفا و ئەمەگناسی لەگەڵ شەهیدان نوێ دەکاتەوە کە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانیان لەسەر ئەم ڕێبازە پیرۆزە بەردەوام دەبێت. تێکۆشەرانی ئەم ڕێبازە پیرۆزە لە سەنگەری خەبات و بەردەوامیی ئەم جووڵانەوەیەدا لەگەڵ ڕوحی شەهیدان و لەگەڵ ئێوە بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەنەوە کە تا سەر درێژەدەری ڕێبازەکەیان بن و ڕیگەی ڕۆڵە شەهیدەکانتان ون نەکەن و ئەو خەباتە بە مەنزڵگەی سەرکەوتن بگەیەنن.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی