کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: لە خەباتی نەتەوایەتیی کورددا بێ گرینگیدان بە ڕۆڵی ژنان، مێژووی کورد ناتەواوە.

22:36 - 18 بانەمەڕ 2722

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزب، کۆبوونەوەیەکی سیاسیی تەشکیلاتیی بۆ بەشێک لە ئەندامانی ژنی نێو ڕیزەکانی حیزب، لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی، پێک هێنا. ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕێز "خالید عەزیزی". کۆبوونەوەیەکی سیاسیی تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە ژنانی ئەندامی حیزب لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبەوە بەڕێوەچوو. سەرەتای کۆبوونەوەکە کە بە چەند ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادوبیرەوەریی شەهیدانی حیزب و گەل دەستیپێکرد، بەڕیز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب، چەند وتەیەکی لە پێوەندی لە گەڵ ڕۆڵی ژنان لە حیزب و بەرزنرخاندنی خەباتیان هاوشانی پیاوان و هەروەها بەشداریی بەرچاوی ژنان لە خەباتی مافخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد. بەڕێز عەزیزی لەم پێوەندییەدا وتی: ژنان لە هەموو دۆخێکدا لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا بوونە و حیزبی دێموکرات هەمووکات لە خەباتی خۆی‌دا گرینگیی بە ڕۆڵی ژنان لە ڕیزەکانی خۆی داوە. سکرتێری حیزب لە درێژەی وتەکانیدا وتی: لە نێوخۆی ڕيۆژهەڵاتی کوردستانیش‌دا ژنان بەشداریی و ڕۆڵێکی بەرچاوتر لە ڕابردوویان لە نێو کۆمەڵگە و بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان‌دا هەیە، ژنان لە نێو ڕێکخراو و ئەنجوومەنەکانی زمانەوانی، ژینگەپارێزی، شاخەوانی و بە گشتی مەدەنی‌دا ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگیڕن. هەر ئێستا ئەوە ژنان و کچانی کوردستانن کە لە ڕێزی کاروانی داکۆکیکاری لە زمانی کوردی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی‌دا چالاکن و نرخ دەدەن و لە سیاچاڵەکانی ڕێژم‌دا تووشی ئازار و ئەشکەنجەن. لە ڕێزی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی قوتابخانەکان‌دا کە ئەمڕۆژانە بەردەوامە، مامۆستایانی ژن لە پێشەوەی هەموانەوەن، بۆیە ژنانی کوردستان شانبەشانی پیاوان لە خەباتی نەتەوەی کورددا ڕۆڵێکی گرینگییان هەیە و بێ گرینگیدان بە ڕۆڵی ژنان، مێژووی کورد ناتەواوە. بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشی کۆتایی قسەکانی‌دا یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی بە پێویست زانی و لەم پێوەندییەدا، کۆمەڵێک ئەرکی بۆ ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب شیکردەوە. لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب ڕێزنامەی پێشکەش بەو کەسانە کرد کە زیاتر لە ٢٠، ٢٥، و ٣٠ ساڵی لە ڕێزەکانی حیزب‌دا ڕابردووی تەشکیلاتییان هەیە. لە کۆتا بەشی ڕێوڕەسمەکەدا رێزنامەی تایبەت لە لایەن بەڕێزان مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری حیزب، خاتوو عیسمەت نستانی، کادری حیزب لە کۆمیسیۆنی تەشکیلات و هەروەها کاک حەسەن خۆشکەلام، بەرپرسی بەشی ئاشکرای تەشکیلاتی حیزب لە کۆمیسیۆنی تەشکیلات، پێشکەش بە ئەندامانی حیزب کرا.