کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراو لەبارەی بەڕێوەچوونی دوازدەهەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی

18:37 - 19 جۆزەردان 2722

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوازدەهەمین کۆبوونەوەی خۆی پێک‌هێنا. کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی جۆزەردان (٨ی ژۆئەنی ٢٠٢٢) دوازدەهەمین کۆبوونەوەی خۆی بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی، ئەندامانی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندەکانی حیزب بەڕێوەبرد. کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەهەمبەر دواگۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئاستی کوردستان، ئێران و جیهاندا پێشکێش کرد. ئەم لێکدانەوەی دواتر بە سەرنج و تێبینیی بەشدارانی کۆبوونەوەکە دەوڵەمەند و پەسند کرا. لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی بە ئاماژە بەوە کە سەرەڕای زۆر قەیرانی سیاسی و ئەمنییەتیی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و یەک لەوان شەڕی ئۆکڕاین، کەچی پرسی بەرجام و بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیم لە ناوچەدا هێشتا لە ڕۆژەڤی هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانە؛ ئەو ئاکامگیرییەی کردبوو کە نیگەرانییەکانی ڕۆژاوا لە مەزنیخوازی و سەرەڕۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی هاوهەڵویست کردۆتەوە. لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی بە ئاماژە بە پەسندکرانی بڕیارنامەی شوڕای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتوم بە زۆرینەی زۆری دەنگەکان، ئەو بڕیارنامەیەی بە ئیرادەی هاوبەشی وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرکێشییەکانی کۆماری ئیسلامی ناوبرد و هاوکات ڕای وابوو بێتوو پەروەندەی لادان و سەرپێچییەکانی ئێران بدرێتە شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژیم ئەوندەی دیکەش لە قەیرانە کەڵەکەبووە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا ڕۆ دەچێ و پڕۆسەی بووژاندنەوەی بەرجام سەرەڕای ئاکامە جیاوازەکانی ئەوە نابێ کە کۆماری ئیسلامی پێشبینیی کردبوو. لەو لێکدانەوەیەدا تیشک خرابووە سەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا هەموو هەوڵێکی ئەوەیە ڕووسیە براوەی شەڕی ئۆکراین بێ، هەتا بە هاتنەنێوی چین بۆ نێو هاوکێشەکە بتوانێ مەوقعییەتی خۆی لەو بەرەیەی دژی ڕۆژاوادا جێگیر بکا و ئەو پێگەیەش بۆ تێپەڕین لە قەیرانەکان و بۆ پڕۆژە ئابووری، ئەمنییەتی، و سەربازییەکانی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵاتدا بەکار بێنێ. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان هەم لە بەرەکانی شەڕی ئۆکڕاین و ڕووسیە و هەم لە کۆدەنگیی ڕۆژئاوا لەدژی ڕێژیم دوورەدیمەنێکی جیاواز لە هیوا و چاوەڕوانییەکانی کۆماری ئیسلامی وێنا دەکەن. لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی پێی لەسەر ئەوە داگرتبوو کە مەوقعییەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لاوازتر لە کاتی وەگەڕکەوتنەوەی دانوستانەکانی بووژاندنەوەی بەرجام و پێش دەسپێکی شەڕی ئۆکڕاینە و دەزگای دیپلۆماسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا بەدوای ئەوەدا دەچێ ئەو قەناعەتە جێ بخا کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی و ناسەقامگیرییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و ئەگەر ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا و پێش بە سەرەڕۆییەکانی نەگیرێ، ناوچەکە ئەوەندەی دیکەش نائارامی و بشێویی زیاتر بە خۆیەوە دەبینی. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی جیهانی بە سەرنجدان بە دۆخی نێوخۆیی ئێران و پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و جەماوەریی کۆمەڵانی خەڵک لەو وڵاتە، یارمەتیدەری تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و دێموکراتیزەکردنی ئێرانی داهاتوو بێت. لە بەشێکی دیکەی لێکدانەوەی سیاسیی دەفتەری سیاسیدا بە ئاماژە بە دۆخی ئێستای خەبات و تێکۆشانی مافویستی و شوناسخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی چالاکییە سیاسی، مەدەنی و ڕێکخراوەییەکاندا و، درێژەی سیاسەتی زەبروزەنگی ناوەندە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی؛ ئیرادەی خەباتگێڕی و کۆڵنەدانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرز نرخێندرا و پێداگری لەسەر پشتیوانی و پاڵپشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بزووتنەوانە کرایەوە. هەر لەو پێوەندییەدا بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەشەوە باس لە جۆری مودیرییەتی خەباتی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و کۆمیتەی ناوەندی، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی بە دەفتەری سیاسیی حیزب دا، هەتا هەم لە چوارچێوەی کار و پڕۆژەکانی حیزبی دێموکرات و هەم لە چوارچێوەی زەرفییەتەکانی ناوەندی هاوکاریدا هەوڵ بۆ بەخشینی گڕوتینی زیاتر و ئامانجدارکردنی پتری ئەم جمۆجۆڵانە بدا. لێکدانەوەکەی دەفتەری سیاسی لە چەند تەوەری دیکەدا ئاوڕی لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەتییەکانی عێڕاق و کاریگەریی لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزە کوردییەکانی دیکەی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان، دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەریی کۆماری ئیسلامی و هەروەها، ئاسۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێراندا دابۆوە. کۆمیتەی ناوەندی لە پێوەندی لەگەڵ هەرکام لەو باسانەدا پاش تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە، ڕاوسەرنج و ڕاسپاردەکانی خۆی بۆ بەدواداچوون و جێبەجێ‌کردنیان دا بە دەفتەری سیاسی. بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی باس لە دوا گۆڕانکارییەکانی پرسی یەکگرتنەوەی دوولایەنی دێموکرات بوو. لەو بەشەدا بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکرات بۆ پرسی یەکگرتنەوە و بەرپرسی شاندی حیزب لە لێژنەی نووسینەوەی بەرنامەوپێڕەوی حیزب بۆ کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، ڕاپۆرتی کار و تێکۆشان و پێشڤەچوونەکانی خۆیان بە کۆمیتەی ناوەندی دایەوە. کۆمیتەی ناوەندی پاش هەڵسەنگاندن و تاوتوێی ئەم بابەتانە هەوڵی هەیئەتەکانی حیزبی بۆ پێشکەوتنەکان لە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بەرز نرخاند و هەیئەتەکانی پێوەندیدار بەم پرسەی بۆ درێژەدان بە ڕەوتی دانوستانەکان لەپێناو بەئەنجام‌گەیاندنی ئەو بابەتە پێویست وگرینگە ڕاسپارد. دوازدەهەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پاش خستنە بەر باسی کۆمەڵە بابەتێکی نێوخۆیی و دەروون‌تەشکیلاتی و وەرگرتنی بڕیار لەسەریان، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.  

دەفتەری سیاسی

١٩ی جۆزەردانی ١٤٠١