کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوچیی ئاناوارزا

06:40 - 16 گەلاوێژ 2722

نێوانی چیای هەمیتە و ئاناوارزا دەشتێکی پان و بەرینە. ڕووباری ساروون ڕێک لە کلکەی ئاناوارزا تێکەڵی چۆمی جەیهان دەبێ. لەو شوێنەی ساروون و جەیهان لێک دەدەنەوە، تاکوو گوندی ڤای‌وایلی قامیشەڵانێکی چڕ و پڕە بەناوی ئاقچەساز. هەمیشە مەودای نێوان هەمیتە و ئاناوارزا و ڤای‌وایلی بەدرێژایی ڕۆژ تەنکە‌مژێک دایدەگرێ. ئەو کاتانەی مژ ئاقچەساز دەتەنێتەوە، وەکوو مژ ناچێ، بەڵکوو دەڵێی دووکەڵێکی چڕ و خەستە، کە لە هەوادا پەنگی خواردۆتەوە. کە جەیهان دەگاتە کزیک‌گلین، لکێکی لێ دەبێتەوە و دەبێتە شەقەجۆگەیەکی بەرین و بە دەوری پەڵە زەوییەکی تەخت و ڕێکدا لێ‌دەهاڵێتەوە و شێوەی نیمچەدوڕگەیەک دەدا. زەوی ئەوەندە ڕێک خۆی دەنوێنێ هەر دەڵێی مەڕمەڕی بریقەدارە. خاکی دوڕگە تا چاو بڕ دەکا ڕەشی‌ڕەشە. جستانان قاز و مراوی خۆ بەم شەتاو و جۆگەلانەدا دەکەن و بە بەرزاییدا دەسووڕێنەوە . تەپ‌وتۆزی رێگاوبان هەتا ئەژنۆی ئادەمیزاد هەڵدەکشێ. تەپ‌وتۆزەکە خەست و گەرمە؛ بۆ گەرمی لە ئاسنی سوورەوبوو دەچێ. لێواری ئاقچەساز بە قامیشەڵانی تەڕ و تازە و شین و تووسکەدار داپۆشراون، کە پێیان دەڵێن: بەردی. بەردیی شین... . لاسکی قاوەیی‌ڕەنگی بەردی بە لای ئاودا شۆڕ دەبێتەوە ... . جاڵجاڵووکە خەریکی تەنینی تان و پۆی نەپسێن و چەسپۆکن. تان و پۆیەکان هێندەی داوێک ئەستوورن. ئەم تان و پۆیانە کاتێک بای دێ حەلەمیشیان ناگاتێیە و لە جێی خۆیان هەڵناکەندرێن. هەنگەکان لەم قامیشەڵانە شینەدا پوورەی زێوینیان داوە و بە سەریانەوە دەسووڕێنەوە. هەر هەنگێک بە قەڕا مێروویەک دەبێ و نابێ. لە قەراغەکانی ئاقچەساز ئینسان ناتوانێ خانوو ساز بکا، بێتوو سازیشی بکا لەبەر تەوژمی مێشوولەی ژاراوی و ناژاراوی حەیاتی ڕەشی لێ دەبڕێ. بە هۆی پێوەدانی ئەم مێشوولانە مرۆڤ دوای چەند رۆژێک مەلاریا دەگرێ و دەمرێ. هەرچەندە لە دەوروبەری ئاقچەساز هێندێک ئاوایی هەن، کەچی ژمارەی دانیشتووانیان لە پەنجا کەس تێ‌ناپەڕێ. هەر چوار وەرزەی ساڵ دەستە ڕەق و ڕەشەکانی بە گەرما و سەرما ڕووت‌وقووت بوون. جستانان و هاوینان پاپۆڕەکەی، کە دوو سەوڵی هەبوو دەیئاژاوت و تاوی دەدا و بۆ ڕاوەماسی ڕووی دەکردە ئاقچەساز. دەچوو بۆ ئەو جۆبار و چۆمەڵەی کە لە ڕووباری جەیهان دەبۆوە. زۆرجاران تەنانەت پاش دوو حەوتووش لە ڕاو نەدەگەڕایەوە. زۆرترین ماوەی دیار نەمانی سەری دەگەیشتە سێ حەتوو. دوای یەک‌دوو حەوتوو وازی لە ڕاو دێنا و بە قەڵافەتێکی داشکاوی‌ چڵکن و قوڕاوی و شەکەتەوە دەگەڕایەوە ماڵ. ژنەکەی لە دەم لاشیپانەی دەرگا ناچاری دەکرد جلەکانی داکەنێ، ئینجا ڕێگەی دەدا بچێتە ژوورەوە. هەر ئاوا بەڕووتی و بێ‌ئەوەی جلێک بکاتە بەر خۆی لە تەنیشت پێخەفەکەی ڕەق ڕادەوەستا تاکوو جێگەوبانەکەی بۆ ڕادەخرا، ئینجا وەک مردوو خۆی دەخزاندە نێو پێخەفەکەی و بێ‌چورتە و بێ‌هەست‌وخوست لێی ڕادەکشا. دەسبەجێ خەو دەیبردەوە. شەو و ڕۆژێک بەم شێوەیە دەخەوت. ئێوارەی ڕۆژی دووهەم لە خەو هەڵدەستا و تاوێکی خۆش چاوەکانی هەڵدەگلۆفی، پاشان لە پێخەفەکەی دەهاتە دەر و نان و چای دەخوارد و ئینجا چەکەکەی خاوێن دەکردەوە...! بۆ جارێکی تر لە ڕاو گەڕابۆوە و خەوێکی قورس بردبوویەوە. پێنج کاتژمێری مابوو لە خەو هەڵستێ. خێزانی لە ژوورسەری دەستەکانی گرت و ناچاری کرد دانیشێتە سەر قوون و تێی‌ڕاخوڕی و گوتی: مووسلۆ! مووسلۆ! هەستە حەوا! مناڵەکەمان ئەوە دەمرێ! مووسلۆ !" دواتر دەستەکانی بەردا. مووسلۆ وەک مردوویەک کەوتەوە نێو جێ‌وبانەکەی. ژنە چۆوە سوێی منداڵەکەی. بە چاوی بەگریانەوە سەیری کرد. مناڵەکە لەسەر عەرزی ڕەق‌وتەق درێژ ببوو. دایکی لە پڕمەی گریانی دا و وردەوردە گریانی بوو بە هاوار و ڕۆڕۆ. داهاتەوە و لە ئامێزی گرت و بردییە دەرێ. دەرێ زۆر گەرم بوو؛ کەش و هەواکە هێندە قورس و گران بوو، کە مرۆڤ هەناسەی سوار دەبوو. هێندێک لە بەر تیشکی خۆر ئەم‌لاوئەولای کرد؛ لە پاشان لەخۆوە دەستی کرد بە ڕاکەڕاک. یەک‌دوو ژن کە هێشتا نەچووبوونە کاری مەزرایە، کاتێک دیتیان ئەوە وەکوو شێتان بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە، پیلیان گرت و بردیانەوە ژوور. کەمێکیان دڵداری دایەوە و ئیتر ڕۆیشتن. چاریان نەبوو، چونکە خەڵکی دێهات ئیشێکی زۆریان لەسەر ئەستۆیە. دیسان ژنە مناڵەکەی، کە تووشی تا و یاو ببوو، لە باوەش گرتەوە و داسەکنی. پاشان منداڵەکەی ڕاکێشایەوە. مناڵەکە حاڵی زۆر شڕ بوو. ژنە زاری ویشک هەڵاتبوو. بەتووڕەیی بەرز بۆوە و چۆوە زگ مووسلۆ. دەستەکانی گرت و ئەوەندەی پێی دەکرا ڕایکێشان و پڕ بە گەرووی لە گوێچکەی مووسلۆدا زریکاندی: مووسلۆ! مووسلۆ! مووسلۆ! هەستە ئەوە مناڵەکە دەمرێ! مووسلۆ! کوڕە هەستە مووسلۆ! ماوەیەک ئاوا بە سەریدا قیژاند. دوایە دەنگی هێور بۆوە و بەتەواوی کپ بوو. سەرلەنوێ پچڕپچڕ دەستی پێ کردەوە. منداڵەکە لەسەر دۆشەگێک لەسەرخۆ چووبوو. کەفی لە دەمی دەهاتەدەر و وەکوو فێ‌گرتووان ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو. ژنە دەیگوت: گوێت لێ بێ پیاوەکە، کە شووم پێ کردی دەتگوت بە شیری مەلان بە خێوت دەکەم. بە ساڵ و مانگ چاوەڕوانی من بووی. باوکم ڕازی نەدەبوو، بەڵام من وازم لە دایک و باوک و خوشک و براکانم هێنا بۆ خاتری تۆ. هاتمە لای تۆ. پازدە ساڵی ڕەبەق چاوم بە دایک و باوکم نەکەوت؛ بیرم دەکردەوە کە تۆ هەم باوکمی هەم دایک. تا چاومان لەسەر یەک دانا خێرا پازدە ساڵ تێپەڕی مووسلۆ! ئەو ماوەیە هەر خەریکی ڕاو بووی. ئەوە من بووم زەویم دەدایە بەر گاسن و دەمکێڵا! خەرمانم گێرە و شەن دەکرد و سەرەنجام گەنم و جۆم دەبردە بازاڕ و دەمفرۆشت. تۆ لەو پازدە ساڵە‌دا دەستت لە ڕەش و سپی نەدا. چەرمەسەرییەکان هەموو بۆ من بوون. سەیرێکی قژی سپیم بکە مووسلۆ! لەو تەمەنەدا من دەبووایە ئاوام لێ هاتبا؟ بۆ پشوویەکیش چییە بیرم لە بەجێ‌هێشتنت نەکردەوە. شەوگاری جستان کە خەریکی ڕاوە‌مراوی بووی، خەوم بە چاویدا نەهاتووە! دەترسام ئەی نەکا مووسلۆ بکەوێتە نێو زەلکاو و بخنکێ. دایمە بیرم لە لات بوو. بەڵێ مووسلۆ، کاتێک سولەیمانیش مرد تۆ تەنانەت چاوت بە تەرمیشی نەکەوت. وەختایەک دەروێشیش مرد گۆڕت بۆ هەڵنەکەند. هێشتا لەشی ساردەوە نەببوو، کە تاوت دایە تفەنگە و چوویەوە ڕاو. دیسانیش هەر بێدەنگ بووم و فزەم لێوە نەهات، ئەی نەکا مووسلۆ لە دڵی گران بێ! قەت قسەیەکی وام پێ نەگوتی بڕەنجێی. هەستە! هەستە مووسلۆ! پێم بڵێ چ بکەم مووسلۆ؟! مووسلۆ لەسەرەخۆ لە نێو پێخەفەکەیدا پشتەوقەفار تلوور بۆوە. دیسانەوە ژنە چۆوە لای مناڵەکەی و مات و پەشۆکاو وێستا. دوای ئیستێک کەفی زیاتری لە دەمی هاتەدەر، نزگەرەیەکی هاتێیە و لەشی شل بوویەوە. سولەیمانیش بەو دەردە مردبوو. خۆی هاویشتە سەر مناڵەکەی. تازە دەنگ و پشووی نەدەهات. دایکە فرمێسکی لە چاوانی ویشک بوون. لەنێو ئاوایی تاقە کەسێک نەبوو فریایان کەوێ و تەرمی مناڵەکە لە گۆڕێ لابا! ئێوارە داهات. مووسلۆ وەکوو جاران جەنگەی خۆی لە خەو هەستا. ماوەیەکی زۆر چاوەکانی هەڵگڵۆفی. ژنەکە گوتی: مووسلۆ، مناڵەکەمان مرد، مووسلۆ! (ژنەکە بەدڵەڕاوکەوە وای گوت)، بەڵام مووسلۆ وەک ئەوەی گوێی لە هیچ نەبووبێ هەستایە سەر پێ و پڕی دایە چەکەکەی و خاوێنی کردەوە! بێ‌ئاوڕدانەوە ملی ڕێگای ئاقچەسازی گرتەوە بەر. ژنە متەقی لێ بڕا و دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو! لە سەرەتاوە دەیزانی ئاوای لێ دێ و هەر ئاواشی لێ چاوەڕوان دەکرد. لە دەروجیران عەلی ئوون‌باشی یانی ساری‌عەلی لە مەزرا گەڕابۆوە. ڕۆیشتە لای و گوتی : ئاغا گیان! عەلیاغا مناڵەکەمان لەدەس چوو! ئێستە چ بکەین؟ عەلی شەکەت و داماو ڕۆیی و خەڵکی ئاوەدانێی ئاگادار کردەوە. ژنان بە هاوکاریی یەکتر منداڵەکەیان شۆرد و لە تاریکانی شەودا گۆڕێکی تەسک و تاریک و گچکەیان بۆ هەڵکەند و بە خاکیان ئەسپارد. خەڵکی ئاوەدانی پێیان گوت: هەی داد و بێداد! بڕۆوە ماڵە باوکت. لەو مووسلۆیە هیچ خێرێکت پێ ناگا! ئەوەی ڕاستی بێ هەمیشە ئەو قسانەیان پێ ‌دەگوت، بەڵام بە هێندی نەدەگرت؛ کەچی ئەم‌جارەیان وەکوو ئەوەی تیریان بە دڵییەوە نابێ کاری لێ کرد. تاکوو کازیوەی بەیانی خەوی لە چاوی نەکەوت و لەگەڵ خۆرهەڵات شت‌ومەکی خۆی کۆکردەوە و بەروبوخچەی پێچایەوە و ملی ڕێگای گرت و بەرەو ماڵی باوانی تێی‌تەقاند؛ ئەو ماڵەی کە نیزیکەی پازدە ساڵی ڕێک بوو پێی تێ‌ نەنابۆوە. دوڕگەی ڕووباری جەیهان، زۆنگاوی ئاقچەساز... . مووسلۆ کە ئازای ئەندامی دێشا، بە شل و شەکەتی گەڕایەوە ماڵ. ماڵێکی ساردوسڕ. ژنەکەی نەمابوو. چاوەڕوانیی هەموو شتێکی دەکرد، ئیللا ئەمە نەبێ؛ دەتگوت گوللەیان پێوەناوە. لە لای دەرانەی ماڵێ تلار بۆوە و لە قوڕ و چڵپاو گەوزی و چورتەی لێ بڕا و ویشک هەڵات. جیرانەکان گەیشتنە سەری و ڕاستیان کردەوە و بردیانە سەر جێ‌وبانی. لە قەراخ ئاقچەساز ناکڕێ خانوو دروست بکەی. ئادەمیزاد ناگاتە سەری مانگ و بە نەخۆشیی مەلاریا دەمرێ. تاکوو ئێستاش کەس نەیتوانیوە لەوێ خانوو چێ بکا. ئێستاش لە قەراخ و لێوارەکانی ئاقچەساز سەیوانێکی گچکە هەیە. دەوروپشتی سەیوانەکە پڕاوپرە لە پەڕ و تووکی قاز و مراوی، سێروو، کەو و ئەو تەیر و باڵندانەی مرۆڤ ناویشیان نازانێت. پەڕ و تووک بە دەوەن و دڕووەلان وەنووساون... . نێوانی چیای هەمیتە و ئاناوارزا دەشتێکی پان و بەرینە. لەو پێدەشتە پان و بەرینەدا پازدە بیست گوندێک خۆ دەنوێنن. هەر لەو دەوروبەرانە کابرایەک دێ و دەچێ کە هەموو سەر و گیانی قوڕاوییە و چەک لەشانە. تووکی سەر و ڕدێنی تێکەڵ ‌بوونەوە. ساڵەهای‌ ساڵە خەریکی ڕاوە و گۆشتی نێچیر بە دێهاتییەکان دەفرۆشێ. ئەم کابرایە ناوی مووسلۆیە.