کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

FATE: ئێران یەکێک لە سەرچاوە ماڵییەکانی تیرۆریزمە

20:33 - 3 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی چاودێری نێودەوڵەتی لەسەر پووڵشوویی (FATE) سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ رێژیمی ئێران و کۆرەی باکوور هۆشداری دا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز رۆژی هەینی رێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی چاودێری نێودەوڵەتی لەسەر پووڵشوویی کە لە ٣٧ وڵاتی جیاواز و کۆمیسیۆنی ئورووپایی و شوورای هاوکاریی کەنداو پێکهاتووە لە کۆبوونەوەیەکدا لە پاریس سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ رێژیمی ئێران و کۆرەی باکوور هۆشداری دا.

راپۆرتی ئەو رێکخراوەیە کە وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتی دێتە ئەژمار، دەرخەری ئەوەیە کە رێژیمی ئێران و کۆرەی باکوور نەیانتوانیوە پێش لە پووڵشوویی و دابینکردنی سەرچاوە ماڵییەکانی تیرۆریزم بگرن.

ئەو رێکخراوەیە کە ئەرکی چاودێری لەسەر پووڵشوویی و دابین کردنی سەرچاوە ماڵییەکانی تیرۆریزم لە جیهاندایە، نیگەرانیی خۆی لە سەرچاوەی دابینبوونی داهاتی ماڵی داعش دەربڕیوە.

رێکخراوی ماڵی (FATE) ساڵی ١٣٦٨ لەلایەن کانادا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، ژاپۆن، بریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پێکهات و رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە ئامانجی پەرەپێدان و پێشخستنی دژکردەوەی نێودەوڵەتی نیسبەت بە مەسەلەی پووڵشووییـە.

لە مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی رێکخراوی ماڵی مەئمووریەتی خۆی پەرە پێدا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمیشی وەکوو ئەرکێک وەئەستۆ گرت.

ئارژانتین، ئوسترالیا، ئۆتریش، بلژیک، برێزیل، کانادا، چین، دانمارک، فینلاند، فەرانسە، ئاڵمان، یوونان، هۆنگ کۆنگ ـ چین، ئیسلەند، ئیرلەند، ئیتالیا، ژاپۆن، لۆگزامبۆرگ، مێکزیک، هۆلەند، زلاندی نوێ، نۆروێژ، پورتەغاڵ، کۆرە، رووسیە، سەنگاپوور، ئافریقای باشوور، ئیسپانیا، سوید، سویس، تورکیە، بریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هەروەها دوو رێکخراوی ناوچەیی کۆمیسیۆنی ئورووپا و شوورای هاوکاریی کەنداو لە ئەندامانی (FATE) لە ئاستی جیهاندان.