کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

UN: داعش جەنایەتی دژەمرۆیی ئەنجام داوە

15:14 - 24 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆتێکدا رایگەیاند کە گرووپی داعش هاوکات جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنایەتی جەنگیی ئەنجام داوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەکەمین راپۆرتی فەرمیی خۆی لە پێوەندیی لەگەڵ گرووپی داعش کە رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاوی کردەوە، جەختی لە سەر ئەوە کرد کە گرووپی تیرۆریستی داعش جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنایەتی جەنگیی ئەنجام داوە.

گرووپی لێکۆڵەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا، کردەوەی گرووپی داعشیان کردارێکی مەترسیدار وەسف کردووە کە پێشتر پلان و ئامانجی بۆ دارێژراوە.

لەم راپۆرتەدا، کوشتن و بڕین و ئەشکەنجەی هاووڵاتییان لەلایەن گرووپی داعشەوە بە هەوڵێکی ئاگاهانە و سیستماتیک لە قەڵەم دراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە مانگی رەزبەری ئەمساڵ، ئیوان سیمۆنۆویچ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری مافی مرۆڤ، رایگەیاندبوو کە دەکرێ کردەوەی جەنایەتکارانەی گرووپی تیرۆریستی داعش بە دژی کوردە ئیزەدییەکان وەکژینۆساید بناسرێت.

یاریدەدەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قسەکانیدا وێڕای ئەوەی کە کردەوەکانی داعشی دژ بە نەتەوەی کورد، وەک جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنایەتی جەنگی ناو برد، رایگەیاند کە کرداری داعش بە دژی کوردە ئیزەدییەکانی عێراق وەک تەقەی راستەوخۆ، زیندە بە چاڵ کردن یان سوتاندن و فروشتنی ئەوان وەک کۆیلە دەکرێ ژینۆساید لە قەڵەم بدرێت.

پێشتریش، کۆمیسیونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، گرووپی داعش و هەروەها رێژیمی بەشار ئەسەدیان بە بە ئەنجامدانی جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنایەتی جەنگی تاوانبار کردووە.