کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەکردنی گەڵاڵەیەک لەلایەن دوو حیزبی سێنای ئامریکا بۆ قورسترکردنی گەمارۆکانی رێژیمی ئێران

19:14 - 16 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: سەرۆکی نوێی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئامریکا رایگەیاند کە ئامادەکاری بۆ گەڵاڵەیەکی نوێ لە پێناو زیاترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران لە ئارادایە.


واشینگتۆن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، کۆنگرەی تازەی ئامریکا لە کاتێکدا دەستی بە کارەکانی کردووە کە نیگەرانیی کۆمەڵگای جیهانی لە بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران زیاتر بووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی یەک سەدوچواردەهەمین کۆنگرەی ئامریکا کە لەژێردەسەڵاتی کۆماریخوازانی رەخنەگر لە سیاسەتی ئۆباما سەبارەت بە رێژیمی ئێران دا بەڕێوە دەچێت، گەڵاڵەی قورسترکردن و زیاترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران راگەیەندراوە.

سێناتۆر باب کۆرکەیر، سەرۆکی تازەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێنا رایگەیاندووە: سێنا لە هەر لە دەسپێکەوە هەوڵ دەدات کە دەست بخاتە سەر پرسی ئێران و جلەوی بە دەستەوە بگرێت .

بەپێی ئەو راپۆرتە گەڵاڵەیەکی بەهێز و دوو حیزبی لەلایەن سێنای ئامریکا بۆ زیاترکردنی گەمارۆکان دژی رێژیمی ئێران ئامادە کراوە.

چەند رۆژ پێش ئێستا، مارک کێرک سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە وتووێژێکی تایبەتیدا لەگەڵ کاناڵی هەواڵدەریی فاکس نیوز رایگەیاند بوو کە بە هاوشانیی ١٧ سێناتۆری دێموکراتی ئامریکا و زۆرینەی کۆماریخوازەکانی کۆنگرە بڕیارە یەکلایی کەرەوە بۆ قورسترکردنی گەمارۆکان دژی رێژیمی ئێران بەڕێوە دەبێت.

لایەنگرانی زیاترکردن و قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران لە سێنا بۆ لابردنی مافی وێتۆی ئۆباما پێویستی بە ٦٧ دەنگ هەیە.