کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژەڵدارانی هەرێمی كوردستان بەتۆڵەی زەوت كردنی مەڕەكانیان، سێ‌شوانكارەی ئێرانییان بە بارمتە گرت

14:59 - 30 جۆزەردان 2713

كورستان میدیا: ژمارەیەك لەئاژەڵدارانی ناوچەی باڵەكایەتی بەتۆڵەی زەوت كردنی هەزار سەر لەمەڕ و ماڵاتەكانیان لەلایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە، سێ‌شوانكارەی كوردیان لەناوچە سنوورییەكان دەسبەسەر كردووە.


٧ كەس لەئاژەڵدارانی ناوچەی باڵەكایەتیی بە تۆڵەی زەوت كردنی مەڕەكانیان لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەنەهێنی چوونەتە ناوچە سنوورییەكان و سێ‌كەسی كوردییان دەسبەسەر و هاوكاتیش دەستیان بەسەر ٧٥٠ سەر مەڕی هاووڵاتیاندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان هێناویانەتە ناوچەی باڵەكایەتی.
كامران فەتاح یەكێك لەخاوەن ئاژەڵەكان بە سایتی هاووڵاتیی راگەیاندووە، هەتا ئێران ئەو هەزار سەر مەڕەی ئێمە نەداتەوە، ئێمەش ئەو سێ‌ كەسە و هەروەها ئەو ٧٥٠سەر مەڕە رادەست ناكەینەوە.
ماوەی چەند رۆژ لەمەوبەر سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەناوچەی باڵەكایەتیی لەهەرێمی كوردستان دەستیان بەسەر هەزار سەر مەڕی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەدا گرتبوو.

هێزەكانی سپای پاسداران لە كوێستانەكانی چیای هەڵگوردی ناوچەی باڵەكایەتی بە قووڵایی زیاتر لەیەك كیلۆمیتر چوونەتە خاكی هەرێمەوە و دەستیان بەتەقە كردن لەسێ‌شوانكارە كردبوو و دواتریش هەزار سەر مەڕیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە و هەنووكە ماوەی زیاتر لەیەك حەفتەیە هیچ وڵامێكیان بە خاوەن ئاژەڵەكان نەداوەتەوە.
ماوەی چەند رۆژ لەمەوبەریش ٣٠٠ سە‌‌‌ر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەك بەناوی مستەفا جەعفەری خەڵكی گوندی قەڵا رەشی ناوچەی شپیرانی سەر بە شاری سەڵماس لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمەوە دەستی بەسەر دا گیرابوو.