کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ کوردانی هانۆڤێر پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ راگەیاند

19:18 - 5 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی شاری هانۆڤێر لە وڵاتی ئاڵمان پەیوەست بە شەپۆلی پشتیوانییەکانی هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئورووپا لە کۆبانێ بوون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کوردانی دانیشتووی شاری هانۆڤێری ئاڵمان بە مەبەستی پشتیوانی و پاڵپشتی لە کۆبانێ کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.

لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب لەلایەن بەشداربوانەوە خوێندرایەوە و خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان راگیرا.

پاشان پەیامی هاوبەشی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بە زمانەکانی کوردی، ئاڵمانی و عەرەبی لەلایەن یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوەکە خوێندرایەوە.

هەروەها پەیامی جێگری سەرۆکی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رێگای پەیوەندیی تەلەفوونی لە شاری کۆبانێیەوە، پێشکەش کرا.

لەو پەیامەدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین و رێزگرتن لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ، یەکگرتوویی نەتەوەی کوردی بە رەمزی سەرکەوتن وەسف کرابوو.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆڵێکی بەرچاویان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا هەبوو.