کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی نالەباری خزمەتگوزاری لە مەریوان کێشەی بۆ هاووڵاتییانی ئەو شارە دروست کردووە

20:26 - 23 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: دۆخی خزمەتگوزاری لە شاری مەریوان زۆر نالەبارە و بۆتە کێشەیەک بۆ دانیشتوانی ئەو شارە و ئەو کێشانە لە وەرزی سەرمادا، بەهۆی بارینی بەفر و باران، زیاتر زەق دەبنەوە.

بەپێی راپۆرتی كوردستان میدیا، زۆربەی کۆڵان، شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری مەریوان خراپ بوون و بەرپرسانی رێژیمی ئێران هیچ کارێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ناکەن و ئەمەش ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی شاری مەریوانی لێ کەوتووەوتەوە.
خزمەتگوزاریی ئاوەدانکردنەوەی شار، مافی دانیشتووانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە لە شاری مەریوان گرینگیی پێ نادرێت و بە هاتنی وەرزی سەرما و بارینی بەفر و باران، بارودۆخی نالەباریی ئاوەدانیی ئەو شارە زیاتر خۆ دەنوێنێت.
بەپێێ ئەم راپۆرتە دۆخی کۆڵانەکانی گەڕەكی \'\'دارسەیران\'\' لە شاری مەریوان زۆر نالەبار و هەنووکە سەرەڕای بەدواداچوونی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە لەمەڕ نۆژەنکردنە و پێڕاگەیشتن، سکاڵایان لە شارەوانی تۆمار کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ئاوڕێک لەلایەن بەرپرسە پێوەندیدارەکانی رێژیمەوە لەو کێشەیە نەدراوەتەوە.
چوارڕێیانی \'\'مووسک\'\' یەکێکی‌تر لەو گەڕەکانەیە لە بواری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە بارودۆخێکی نالەبار دایە.
سەنگفەرشی پیادەڕەوەکان و قیرتاوی شەقامەکان و خراپیی کۆڵانەکان و دوابەدوای ئەوەش بارینی بەفر و باران، بارودۆخێکی نالەبارتری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.
هەواڵەکان لە مەریوانەوە باس لەوە دەکەن، پاش چەندین ساڵ بەدواداچوون، شارەوانیی ئەو شارە دەستی دایە قیرتاوکردنی هەندێک لە شەقامەکان، بەڵام پاش کۆتایی هاتنی کارەکە بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە قیرتاوی ناستاندارد و پاشماوەکانی پرۆژەکە و خاوێن نەکردنەوەی تەپە خاکییەکان ــ کە بە مەبەستی پێشگیری لە هاتوچۆی ماشینەکان هەڵڕژابوون ــ سیمایەکی ناشیرین و ناشارستانیی داوەتە ئەو شارە.
هەر لەو پێوەندییەدا بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە گوندی \'\'دەرەکێ\'\'ی سەربە ناوچەی هەورامان، ئیدارەی گاز بە مەبەستی کێشانی لوولەی گاز، کووچە و رێگاکانی ناو ئەو گوندەی خراپ کردووە و بە پێشکەوتنێکی کەم لەم کارەدا، پرۆژەکەی بە نیوەچڵی بە جێ هێشتووە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو ئاوایی‌یە بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'بە هۆی شەپۆلی زۆری بەفر و باران و خراپیی کۆڵانەکان، هاتوچۆ ئەستەم بووە و بەرپرسانی رێژیمیش سەرەڕای بە دوادا چوونی خەڵک لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەکانیان، هیچ وڵامێکیان وەر نەگرتۆتەوە.