کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برۆکسل/ خۆپێشاندانێک لە دژی هێرشەکانی داعش بۆسەر کوردستان بەڕێوەچوو

16:55 - 21 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی بلژیک و نوێنەرانی پارت و لایەنەکانی کوردستان لە خۆپیشاندانێکدا پشتگیریی خۆیان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکخراوی هاوبەشی کوردستانییان لە بلژیک (RHKB) رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک لە شاری برۆکسێل پایتەختی وڵاتی بلژیک بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و کوردستانی رۆژئاوا و هەروەها راکێشانی پشتگیریی دامودەزگا حکوومییەکانی یەکیەتیی ئورووپا، بە بەشداریی کوردانی وڵاتی بلژیک و نوێنەرایەتیی لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.

سەرەتا خۆپیشاندەران سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\'یان خوێند و دواتریش پەیامی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک کەلە چەندین رێکخراو و پارتی سیاسیی هەر چوار بەشی کوردستان پێکهاتووە، بە زمانی کوردی پێشکەش کرا و دواتریش هەر ئەو پەیامە بە زمانەکانی ئینگلیزی، هولەندی و فەڕانسەوی خوێندرایەوە.

لە کۆتایی خۆپێشاندانەکە یادداشتنامەکانی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن لیژنەیەکەوە رادەستی Christian Berger بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کومیسیۆنی ئورووپا و یەکێک لە دیپلۆماتکارانی یەکیەتیی ئورووپا کرا.

شاندی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک لە پەراوێزی ئەو خۆپیشاندانەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ \'\'کریستیان بێرگێر\'\' پێکهێنا لەسەر دۆخی هەنووکەیی کوردستان و پاڵپشتیی یەکیەتیی ئورووپا بە هەرێمی کوردستان لەمەڕ خاشەبڕکردنی گرووپی تیرۆریستیی داعش دوان.