کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلژیک/ کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو

17:17 - 24 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکرات – بلژیک بە بەشداریی ئەندام و لایەنگرانی حیزب و هاووڵاتییانی کوردی هەرچوار بەشی کوردستان و کۆمەڵێک چالاکی سیاسیی ئێرانی، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی لەمەڕ پشتیوانی لە هاووڵاتییانی شاری مەهاباد لە بەردەم باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران لە شاری برۆکسێل بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – بلژیک بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و مەدەنی کورد و بلژیکی و نوێنەرانی چەندین پارتی سیاسی رۆژئاوای کوردستان و پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)،کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە بەردەم بالوێزخانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری برۆکسێل بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازیی مەهاباد بەڕێوە برد.

ئامانج لە پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوەیە، ناڕەزایەتی دربڕین بە دژی رێژیمی ئیسلامی ئێران و بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و بە تایبەت شاری مەهاباد بوو کە بە زمانی کوردی و فەرانسەیی، پێشکەش کرا.

دواتر عەلی‌ئەشرەف مورادی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەیامی حیزبی بەم بۆنەوە خوێندەوە.

دواتر لێدوانی چاپەمەنیی دەفتەری پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکانی حیزب بە زمانی فەرانسەوی خوێندرایەوە و ئەو لێدوانە لە نێو خەڵک و هاووڵاتییانی بلژیکدا بڵاو کرایەوە.

لەو کۆبووەوەیەدا نوێنەرانی چەندین پارتی سیاسیی کوردی رۆژئاوا و پارتی سوسیالیستی کوردستان قسەیان کرد و پشتیوانییان لە خەڵکی مەهاباد و کوردستانی رۆژهەڵات دەربڕی.

هەروەها عەدنان ئەبووسەیف، بە نوێنەرایەتیی حیزبی ئازادیی ئەحواز، پەیامی ئەو پارتەی پێشکەش کرد.

لە دڕێژەدا، حیسام‌دەستپیش، شرۆڤەکاری سیاسی کورد لەسەر گرینگیی بەشداریی هاووڵاتییانی کورد لە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی کورد بە دژی رێژیمە دیکتاتۆرەکان و بە تایبەت رێژیمی ئیسلامیی ئێران و هاوخەباتی و یەکریزیی کوردەکان لە ئامانجە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانیان قسەی کرد.

لەو کۆبوونەوەدا کۆمەڵێک دروشم بۆ پشتیوانی لە راپەڕینی مەهاباد و مەحکووم‌ کردنی مەرگی\'\'فەرینازخوسرەوانی\'\' دژ بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە زمانەکانی کوردی، فەرانسەوی و فارسی لە بەردەم باڵێوزخانەی رێژیمی ئێران لە شاری برۆکسێل وتراونەتەوە.

بەشدارانی کۆبوونەوە بە کورد و بلژیکی پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی مەهاباد و کوردستانی رۆژهەڵات دەربڕی.