کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەیەك بە گوژمی ٧،٨ پلەی ریشتر پارێزگای سیستان و بەلووچێستانی هەژاند

21:52 - 27 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: بوومەلەرزەیەك بە گوژمی ٧،٨ پلەی ریشتر ئوستانی سیستان و بەلووچێستانی لە نزیك سنووری پاكستان هەژاند و هەتا ئێستا رێژەی كوژراوەكان ٤٠ كەس راگەیەندراوە.
كاناڵی ئەلجەزیرە بڵاوی كردەوە، ئەو بوومەلەرزەیە کە کاتژمێر 3ی دوانیوەرۆی سێ شەممە بەکاتی تاران رووی داوە، شارەكانی خاش، زاهیدان و ئێرانشاری گرتۆتەوە و لە ٨١کیلۆمیتری شاری سەراوان و ٨٣ کیلۆمیتری شاری خاش رووی داوە.

هەر چەندە رێژەی کوژراوەکان لەو رووداوەدا ٤٠ کەس راگەیەندراوە بەڵام کاناڵی هەواڵی ئێران ئەو رێژەیەی رەت کردۆتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا بوومەلەرزەكە شارەكانی روودبار لە ئەفغانستان و مەسقەت لە عوممانیشی لەرزاندۆتەوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستە روو، لانی كەم ٧كەسیش لەپاكستان بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە گیانیان لەدەست داوە.

لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیە سەرجەم ناوەندە ئیداری و بازرگانییەكانی دوبی و ئەبووزەبی داخراون و خەڵكی لەترسان رژاونەتە سەر شەقامەكان.