کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوونی مینە چێنراوەکان لە یەک هەزار و ٤٠٠ هێکتار لە رووبەری سنە

16:23 - 1 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: جێگری سیاسیی ئەمنییەتی پارێزگاری سنە بوونی مینە چێندراوەکان لە یەک هەزار و ٤٠٠ هێکتار لە رووبەری پارێزگای سنە، دان پێدانان.

هەواڵدەرییە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران لە زاری جێگری سیاسیی ئەمنییەتیی پارێزگاری سنەوە بڵاویان کردووەتەوە کە زیاتر لە یەک هەزار و ٤٠٠ هێکتار لە رووبەری سنە مینی چێنراو بوونی هەیە.

بەپێی قسەکانی ئەم کاربەدەستەی رێژیم، ناوچە سنووریەکانی پارێزگای سنە هەتا ئێستا لە مینە چێندراوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی رێژیمی ئێران و عێراق خاوێن نەکراونەتەوە و بۆ خاوێن کردنەوەی ئەو ناوچانە ١٠ میلیارد تمەن پارە پێویستە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، پارزگای ئیلام بە رووبەری یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار هێکتار، خوزستان بە رووبەری یەک میلیۆن و٣٨٠ هەزار هێکتار، پارێزگای کرماشان بە رووبەری ٦٩١ هەزار هێکتار، ئورمیە بە رووبەری ٥٩ هەزار هێکتار و سنە بە رووبەری یەک هەزار و ٥٠٠ هێکتار،بەریز زۆرترین مین داچێندراوە.

بەپێی راگەیەندراوی ناوەندی زانیاریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هۆی تەقینەوەی مین ساڵانە لە ئێران زیاتر لە ١٥ هەتا ٢٠ هەزار کەس کوژراو و بریندار دەبن کە لە سەدا ٨٠یان خەڵکی سێڤیلن.

بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران ساڵانە دەیان هاووڵاتیی کوژراو و بریندار دەبن.

ئامارە بڵاوکراوەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا، ٣ هەزار و ٢٥٠ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران (ئیلام، سنە، کرماشان و ئورمیە) گیانیان لە دەست داوە.

بە پشت بەستن بە ئامارە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی ئەم ٥ ساڵە، جگە لە رێژەی بەرچاوی برینداربوان، ٨٠٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی (سنە، ئورمیە، کرماشان و ئیلام و خوزستان)هەیە.

بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لانیکەم ٣٨ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

هەروەها، لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، ٣٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون کە ٢٧ کەس بریندار و ٦ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.