کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاریی لە سەدا ١٩ی حەشیمەتی چالاکی ئیلام و سەرهەڵدانی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان

15:25 - 25 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام سەرەرای ئەوەیکە کەمترین حەشیمەت هەیە و هاوکات یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێرانە بەڵام یەکێک لە بێکارترین پارێزگاکانی ئێران ئەژمار دەکرێت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئامارەکانی جێگری پەرەپێدانی دابینکردنی کار و پیشەی وەزارەتی کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی دەرخەری ئەوەن کە ٣٥ هەزار کەس لە حەشیمەتی چالاکی ئیلام بێکارن.

بەپێی ئەو ئامارانە نزیک بە لە سەدا ١٩ی حەشیمەتی چالاکی ١٩٠ هەزار کەسیی ئیلام لەگەڵ کێشەی بێکاری بەرەوڕوون.

پارێزگای ئیلام سەرەرای رێژەی بێکاری زۆر لە بواری پیشەی نالەباریشدا پلەی یەکەمی لە نێو پارێزگاکانی ئیراندا هەیە.

بەپێی ئەو ئامارەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاو بووەوە، پارێزگای ئیلام بە ١٨.١% نرخی پیشەی ناتەواو، ٢٠.٥% پشکی پیشەی ناتەواو و ٩.٢% نرخی رێژەی پیشەی ناتەواو لە یەکەم پلەی ئاستی رێژەی پیشەی ناتەواو لە ئێراندایە.

بەپشت‌بەستن بە ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، پارێزگای ئیلام بە حەشیمەتی نزیک بە ٦٠٠ هەزار کەس، پلەی یەکەمی لە بواری بێکاری لە ئاستی ئێراندا لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا هەیە و ئەو ئامارەش بەردەوام سەرووی لە سەدا ٢٠ بووە.

رێژەی بێکاری لەڕادەبەدەر و نەبوونی رەخساندنی هەلی کار لە پارێزگای ئیلام لە کاتێکدایە کە ئەو پاڕیزگایە لە بواری سەرچاوە ژێر زەوییەکان یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێرانە.
کارناسانی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لەو باوەڕەدان کە بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە پارێزگای ئیلام یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو لاواندا بووە.

بەرزبوونەوەی گیرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان، بەرزبووەنەوەی تەڵاق، دزی و... لەو دیاردە دزێوانەن کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە پارێزگای ئیلام رووی لە زیادبوون کردووە.

بە وتەی سەرۆکی شووڕای بەرەنگاربوونەی دژی مادە سڕکەرەکانی پارێزگای ئیلام لە باشترین دۆخدا زیاتر لە ٢٥ هەزار گیرۆدەبوو بە مادە سڕکەرەکان لەو پارێزگایە هەیە.

سەرەڕای ١٠٢ هەزار لاوی بێ‌خێزان لە ئیلامدا کە زۆربەیان تووشی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بوونە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رێژیم کەمترین رۆڵیان لە کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبەریدا سەبارەت بەو قەیرانانە هەبووە.

گیرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان، تەڵاق، پەراوێزنشینی، تاوانی سێکسی، گەندەڵی ئیداری، توندوتیژی و لاوازی سیستمی پەروەردە لەو خەسارانەن کە پارێزگای ئیلامی گرتووەتەوە.