کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر سمینارێکی هاوبەش لەلایەن ٦ رێكخراوی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە بەڕێوەچوو

14:43 - 4 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی هاوبەش سمینارێکیان لە شاری سلێمانی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاری لە دژی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو سمینارە لەلایەن رێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاسۆی ژنی کورد، رێکخراوی ئازادی ژنانی کوردستان، نینا، کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات، کۆمیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە رۆژی شەممە رێكەوتی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە هۆڵی ئازادیی شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی چالاکانی سیاسی و بواری ژنان بەڕێوەچوو.
لە سمیناری تایبەت بە ٢٥ی نۆڤامبر، جۆرەکانی توندوتیژی، پەروەردەی تەندروستی تاک، پرسی ژن و هۆکارەکانی چارەسەر کردنی ئەو پرسە لەنێو کۆمەڵگا و تاکەکاندا ئەو بابەتانە بوون کە لەلایەن کۆڕگێرانی سمینارەکە \'\'فاتمە عوسمانی، سنوور حەنیفی‌پوور، لەیلا دیوبەند، ئارەزوو عوسمانی، زەینەب حوسێنی، رەزا ئەسکەندەری و عیسمەت نەستانی\'\'یەوە بە گشتی باسیان لێوە کرا.
فاتمە عوسمانی ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشێک لە قسەکانیدا پڕژایە سەر رێکخراوی جیهانیی ژنێڤاکاڵ و ناوەڕۆکی پەیماننامەی و بانگەوازی ئەو رێکخراوەیە سەربارەت بە پرسی ژنان لە کاتی شەڕ و نائارامیدا بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی لە ژنانی خەباتکار لە نێو حیزب و رێکخراوەکاندا، بۆ بەشداربوان شی کردەوە.