کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی كۆكردنەوەی ماهوارە شاری سنە و دەورووبەریشی گرتەوە

16:32 - 26 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری سنە و چەندین ئاوایی سەر بەو شارە دەستیان بە كۆكردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتیان كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەگەڕەكەكانی حاجی ئاوا، شەریف ئاوا و غەفووری شاری سنە دەست بەسەر ژمارەیەكی بەرچاو لەدیش و ماهوارەی هاووڵاتیاندا گیرا.
هەر لەو پێوەندییەدا و لەدرێژەی كۆ كردنەوەی ماهوارەدا، هێزە ئینتزامییەكان لە ئاواییەكانی ناوچەی ژاوەرۆ كە بریتین لە: دەرەكۆڵە و سوارییان دەستیان بەسەر دیشی ماهوارەی دانیشتوانی ئەو ئاواییانەدا گرتووە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش هێزە ئینتزامییەكان لە گەڕەكەكانی ئیدارەی بەرق، تەرخان ئاوا و كورەی موسەوی شاری مەریوان چوونەتە سەربانی ماڵەكان و دەستێان بە كۆ كردنەوەی دیشی ماهوارەكان كردبوو.
بەوتەی شایەتحاڵان، ئەو هێزانە سەرەڕای كۆكردنەوەی دیشی ماهوارەكان بێ‌حورمەتیشیان بە خاوەن ماهوارەیەك كردبوو و لەئەنجامدا تێكهەڵچوون هاتبووە ئاراوە.