کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرنامەی ناڕوونی وزەی ناوکیی رێژیمی ئێران/ وڵام نەدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بە دروستکردنی بۆمب

15:00 - 17 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی رایگەیاند بە هۆی هاوکاری نەکردنی رێژیمی ئێران سەبارەت بە لێکۆلێنەوەکانی بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە، تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لەو بارەوە دەست نەکەوتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، یوکیا ئامانۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا کە لە ١٨ لاپەڕەدا لە ژێر ناوی جێبەجێ کردنی رێکەوتنامەی پادمانی پەیماننامەی راگرتنی پەرە پێدانی ناوکی (ئێن، پی، تی) و مادە پەسەندکراوەکانی پەیوەندیدار لە بڕیارنامەکانی شوورای ئاسایش لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند کە رێژیمی ئێران بۆ روونکردنەوەی لایەنی نیزامیی بەرنامەی ناوکی هاوکاری پێویستی نەکردووە.

لەو راپۆرتەی ئامانۆدا کە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو بۆتەوە، هاتووە کە بە هۆی هاوکاری نەکردن و وڵام نەدانەوەی رێژیمی ئێران بە پرسیارەکانی سەبارەت بە گوماناوی بوونی بەرنامەی ناوکی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، تاوتوێکردنی لایەنە نیزامیەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێران هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆوە نەبینیوە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ماوەی سێ حەوتووی داهاتوودا کە دوایین دەرفەتە بۆ رێکەوتنی نێوان رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی ئەو ناوەندە لە لایەنە نیزامییەکانی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئیسلامی رایگەیاندووە کە تاران بە پێچەوانەی بەڵێنییەکانی خۆی هەتا ئێستا زانیاریی پێویستی سەبارەت بە دوو مەسەلەی دیار و تایبەت نەداوەتە ئاژانس و لە پێدانی زانیاری بەو ئاژانسە خۆی بواردووە.

لەو راپۆرتەی ئاژانسدا بە بەکارکردنی رێژیمی ئێران لە سەر چاشنی تەقینەوەی ناوکی لە سایتی پارچین ئاماژە کراوە و هاتووە کە هەتا کاتی دەستپێڕاگەیشتنی تەواو بە زانیاری و وەرگرتنی وڵامی دەقاودەقی پرسیارە ناڕوونەکان، ئاژانس ناتوانێت بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران وەک هەوڵێکی ئاشتیخوازانە بناسێنێت.

دانوستانە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥ کە وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە، رووسیە، ئامریکا، چین و ئاڵمانی تێدا بەشدارە هەتا رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ئەمساڵ درێژ کرایەوە و دوو گرووپی دانوستانکار بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی کۆ دەبنەوە رێکەوتنێک کە بە وتەی کارناسانی پرسە سیاسییەکان ئەستەم دەبێت.