کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمە ناوازەکەی دوکتور قاسملوو بە زاراوەی کرمانجی چاپ و بڵاوکرایەوە

19:57 - 11 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: کتێبی کوردستان و کورد، گرینگرین سەرچاوە لەسەر جوغرافیا، ئابووری و بواری پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستان، کە بەرهەمی شەهیدی سەرکردەی ناوداری کورد دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووە، بە زاراوەی کرمانجیی ژوورو چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کتێبی کوردستان و کورد لەلایەن سەلیم زەنجیری پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە زاراوەی سۆرانییەوە گۆڕدراوەتە سەر زاراوەی کرمانجیی ژووروو و لەسەر ئەرکی دەزگای رۆشنبیریی جەماڵ عیرفان و لە شاری دیاربەکر لە چاپ درا.

11290.jpg
سەلیم زەنجیری

کتێبی کوردستان و کورد، کە ساڵی ١٣٤٤ و یەکەمجار بە زمانی چێکی لە پراگ چاپ و بڵاو کرایەوە، بە شێوەیەکی زانستییانە پرژاوەتە سەر باری جوغرافیا، ئابووری سیاسی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی هەر چوار بەشی کوردستان و وەکوو گرینگترین سەرچاوە لە سەر کوردستان ئەژمار دەکرێ.

ئەو سەرچاوە گرینگە، جگە لە زمانی چێکی، هەتا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی، سلۆڤاکی، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی، پۆلۆنیایی و فارسی و چەند بەشێکیشی بە زمانی فەرانسەیی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبی کوردستان و کورد، یەکێک لەو دەگمەن سەرچاوانەیە کە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان پشتی پێ بستراوە و لە لێکۆڵینەوەکانی سەر کوردستاندا وەکوو سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ئاماژەی پێکراوە.