کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی ئورمیە: لەسەدا ٩٤ی بەشی باشووری دەریاچەی ئورمیە وشک بووە

16:48 - 27 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لە کاتێکدا کە بەشێکی زۆر لە دەریاچەی ئورمیە وشک بووە، کارناسانی ژینگەپارێزی لەو بڕوایەدان وشک بوونی ئەو گۆلە زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت.


حەسەن عەباس‌نژاد بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای ئورمیە رۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر بە هەواڵدەریی \'\'ئیرنا\'\'ی راگەیاند: بەشی باشووری گۆلی ورمێ تەنیا لەسەدا ٦ی ماوە و بەگشتی لەسەدا ٨٥ی ئەو دەریاچەیە وشک بووە.
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ژینگەی پارێزگای ئورمیە راشیگەیاند: ئاکامە نەرێنییەکانی وشک بوونی دەریاچەی ئورمیە زۆر بەرین و بەربڵاو هەڵسەنگێنراوە و ئەو قەیرانەی کە هەنووکە بەرۆکی دەریاچەی ئورمیەی گرتووەتەوە، کۆمەڵێک نەخۆشیی وەکوو شێرپەنجە و نەخۆشیی هەناسەدانی بۆ هاووڵاتییان بە دواوە دەبێت.
زۆربەی کارناسان، گەڵاڵە وەرزێڕییەکانی پارێزگای ئورمیە بە هۆکاریی سەرەکیی وشک بوونی ئەو گۆلە دەزانن و لەو پێوەندییەشدا کەرتی وەرزێڕی ئەو پارێزگایە بەلەبەر چاوگرتنی ئەو خاسارانەی کەلە ژینگەی ناوچەکە دەکەوێت، زیانی لە قازانجەکان زۆر زیاترە.
پێشتریش بەرپرسێکی گەڵاڵەی پارێزگاری لە زۆنگاوەکانی ئێران رایگەیاندبووە: بەردەوامیی ئەو هەلومەرجە لە ژینگە و دەریاچەی ئورمیە وشکبوونی لەسەدا سەدیی ئەو گۆلەی لێدەکەوێتەوە.
قووڵایی دەریاچەی ئورمیە کەلە حاڵەتی ئاساییدا ١٦ میتر بوو که هەنووکە گەیشتووەتە کەمتر لە یەک میتر و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە کە ئەو دەریاچەیە لە نالەبارترین دۆخی لە سەدا ساڵی رابردوودا بێت.
لە دەریاچەی ئورمیە ٢٧ جۆر گواندار، ٢٠١٢ جۆر باڵندە، ٤١ جۆر خزۆکە،٧ جۆر دووژیانە و ٢٦ جۆر ماسی دەژین و وشکیی ئەو دەریاچەیە هەڕەشە لە لەناوچوونی ئەو گیانلەبەرانە دەکات.