کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەسیجییەکی دیکە لە سووریە کوژرا

16:01 - 6 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: مێرمنداڵێکی سەربە رێکخراوی بەسیج کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە نێردراوەتەوە سووریە، لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئوپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە کوژرا.
بەگوێرە راپۆرتەکان، مێرمنداڵێکی بەسیجیی خەڵکی شارستانی مەشهەد بەناوی \'\'رەزا ئیسماعیلی\'\' کە لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە نێردرابوویە سووریە، لەلایەن هێزەکانی دژبەری رێژیمی ئەسەدەوە کوژرا.
ئەو بەسیجییە لە تیپی خوێندکارانی زانینگەی فیردۆسیی مەشهەد سازمان دراوە و لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لەمەڕ هاریکاریی هێزەکانی بەشار ئەسەد و سەرکوتی خەڵکی بێ‌تاوانی سووریە نێردرابوویە ئەو وڵاتە.
لەم پێوەندییەدا سەرچاوەکان رایانگەیاندووە کە رێژیمی ئێران بۆ ناردنی بەسیجییەکان و ئەندامانی سپای پاسداران بە بەڵێنیی جۆراوجۆر و کار کردن لەسەر مێشکیان ئەو لاوانە دەنێرنە وڵاتی سووریە.
پێشتر لەو پێوەندییەدا رۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، سێ ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەناوەکانی \'\'ئەکبەر شەهریاری، حوسێن نوسرەتی، مەحموود بەیزایی\'\' لە تێکهەڵچوونەکانی شەڕی نێوخۆیی وڵاتی سووریە کوژراون.
کوژرانی ئەو ئەندامانەی سپای پاسداران لە کاتێک دایە کە زۆربەی لێپرسراوانی رێژیمی ئێران، هەواڵی بەشداریی ئەندامانەی ئەو سپایە لە شەڕی سووریە رەت و هەرچەشنە دەستێوەردانێک لە کاروباری ئەو وڵاتەدا وەدرۆ دەخەنەوە.