کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە رێوڕەسمی تایبەت بە ٨ی مارس

20:22 - 18 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی رۆژئاوای کانادای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان، بەشداری کرد.

‌بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە،رێکەوتی ١٧ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا بە سەرپەرستیی شەهریار ویژە، بەرپرسی کۆمیتە، لە رێوڕەسمی ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان بەشداری کرد.

ئەم رێوڕەسمە لەلایەن کۆمیتەی باکووری ئامریکای کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە پێکهاتبوو.
شاندی کۆمیتەی رۆژئاوای کانادای حیزب لەلایەن بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکەوە پێشوازی لێکرا.

لەم رێوڕەسمەدا، ئیسماعیل ئیبراهیمی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب لە کانادا، پەیامی کۆمیتە‌ی حیزبی دێموکرات ــ رۆژئاوای کانادای بە بۆنەی رۆژی ژن بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد.

لە پەیامی کۆمیتە‌ی حیزبدا وێڕای رێزگرتن لە رۆژی جیهانی ژن،  دەور و رۆڵی ژنانی کورد لە خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەیی وەک دایک، خوشک، هاورێ و هاوسەر و بە تایبەت پێشمەرگە‌، بەرز و جێگای شانازی هەڵسەنگاند.

لەو پەیامەدا هەروەها ئاماژە بەوە کرابو کە ژنانی کورد لەژێر دەسەڵاتی رێژیمی کۆنەپەرەستی ئێراندا هەم وەک ژن و هەم وەک کورد؛ مافیان پێشێل دەکرێ و گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و هێمنی لە ئێران و ناوچە بە بوونی ئەو رێژیمە دەستەبەر ناکرێت.

ژوان.ک