کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی ١١ی فیداییانی خەلقی ئێران

17:54 - 7 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە کۆنگرەی ١١ی رێکخراوی ئیتحادی فیداییانی خەلقی ئێراندا، سیستەمی فیدراڵی بۆ ئێران و مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران لەلایەن شاندی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتەوە وروژێنرا.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'شاهۆ حوسێنی\'\' نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، رێکەوتی ٣، ٤ و ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رێکخراوی یەکیەتیی فیداییانی خەلقی ئێران لە یازدەهەمین کۆنگرەی ئەو رێکخراوەدا بەشداریی کرد.

لەو کۆنگرەیەدا کەلە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆ کۆنگرەی رێکخراوی ئیتحادی فیداییانی خەلقی ئێران نێردرابوو، لەلایەن \'\'جەهانگیر حاتەمی\'\' ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان خوێندرایەوە.

هەروەها لە کۆنگرەی یازدەهەمی رێکخراوی ئیتحادی فیداییانی خەلقی ئێران \'\'شاهۆ حوسێنی\'\' نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لەبارەی روانگەی حیزبی دێموکراتی لەسەر پرسی نەتەوەکانی ئێران و دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیک و فیدراڵخواز، پێکهاتوو لەو حیزب ولایەنانە کە بڕوایان بە مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران هەیە، قسەی کرد.

ئەندامانی کۆنگرە لە ماوەی سێ رۆژی کاری کۆنگرەکەیاندا لەسەر راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندیی فیداییانی خەلقی ئیران بۆ کۆنگرە و یەک لەوانە پرسی نەتەوایەتی لە داهاتووی ئێران بە وردی باسیان کرد و لەسەر پێشنیارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی سیستەمی حکوومەتی پاش رووخانی رێژیمی ئیسلامی و هاوکاریی نێوان ئەو لایەنانەی نێو ئوپۆزسیۆنی دێموکراتی ئێرانی کە بڕوایان بە \'\'رووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران\'\'، \'\'مافی نەتەوەکان\'\' و \'\'جیایی دین لە دەوڵەت\'\' هەیە، بە تێکڕای دەنگ بڕیاریان دا.

‌پاش سێ ڕۆژ کاری کۆنگرە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران و لەلایەن کونگرەوە مەئمووریەتیان پێ درا لەسەر بڕیارەکانی کۆنگرە و یەک لەوانە جێبەجێکردن و پێکهێنانی \'\'بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دێموکراتی ئێرانی\'\' هەوڵی جیددی بدەن.