سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر تووماج ساڵحی هونەرمەندی ڕەپێڕی دژی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی بەرفراوانی لە ئێران و جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسی و مەدەنی و هونەرییەکان خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایەن.
هاوکات لە لایەکی دیکەوە لەمەڕ سەپاندنی ئەو سزایە بە سەر تووماج ساڵحی دا ڕاگەیەندراوە کە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە شارە جیاجیاکانی جیهان بەڕێوە دەچێت.
هەروەها بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراون، خەڵکی بەشێک لە شارەکانی ئێران بە دانی درووشم و بڵاو کردنەوەی گۆرانی و دەنگی تووماج ساڵحی و نووسینی ناوەکەی لەسەر دیوارەکان و ههڵواسینی وێنه و پۆستری ناوبراو ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی ئەو هونەرمەندە دەربڕی.
ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری تووماج ساڵحی، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە ئەو هونەرمەندە زیندانییە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و دوای بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە کاردانەوە و هەڵوێستی خەڵک دهستی پێكرد.
ئەمیر ڕەئیسیان یەکێک لە پارێزەرەکانی تووماج ساڵحی لە وتووێژێک لەگەڵ "کاناڵی شەرق" ڕایگەیاند: "لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیسفەهان، لە کرەوەیەکی کەم وێنەدا، سزای دیوانی باڵای وڵاتی لەسەر دۆسیەی ساڵی ١٤٠١ی تووماج ساڵحی جێبەجێ نەکرد و بە "ئیرشاد" خوێندنەوەی ئەو سزایە و پێداگری لەسەر سەربەخۆیی دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی افساد فی الارض، قورسترین سزا واتە سزای سێدارەی بەسەر توماج ساڵحیدا سەپاند."