کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران و ئەحمەد شەهید لەكۆنگرەی دژی حوكمی سێدارە

18:42 - 23 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ بە فەرمی بانگهێشتنی ٥مین كۆنگرەی نێونەتەوەیی دژی حوكمی لە سێدارەدان كراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، كۆنگرەكە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٢ی جۆزەردان ( ١٢ی ژوئەن) دەستی پێكردووە و بۆ ماوەی سێ‌رۆژ بەردەوام دەبێت.
لەو كۆنگرەیەدا زیاتر لە ١٥٠٠ رێكخراوە لە ٩٠ وڵاتی جیهاندا و زیاتر لە ٢٠٠٠رۆژنامە نووس و نوێنەری حكوومەتەكان‌و كەسایەتییە بە ناوبانگەكانی دونیا لەوانە وەزیری دەرەوەی فەرانسە، سویس، ئیسپانیا، نوروێژ و ٣ كەسایەتی خاوەنی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ، بەڕێزان دوستمەند توتو لە ئەفریقای جنووبی، ژۆزێ رامۆس هورتا و خاتوو شیرین عیبادی و هەروەها بەڕێز ئەحمەد شەهید نوێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤی ئێران بەشدارن.

هەر لەو پێوەندییەدا تەیموور ئەلیاسیش وەكوو نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ بەشداری كۆنگرەكەیە و لەوێدا پەیامێك لەژێر ناوی كەڵك وەرگرتن لەحوكمی سزای لەسێدارەدان لەپێوەندی لەگەڵ مادە بێهۆشكەرەكان وەك ئامڕازێك بۆ سەركوتكردنی نەتەوەكانی ئێران بە تایبەت كورد پێشكەش دەكات.