کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کێبڕکێی جیهانیی والیباڵ لە ئێران لەبەر دەستبەسەرکرانی غونچە قەوامی هەڵوەشایەوە

20:48 - 18 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ئیزن پێنەدان بە ژنان بۆ چوونە ناو ستادیومەکان و دەستبەسەرکرانی لایەنگرێکی والیباڵ لە ستادیومی والیباڵی ئازادیی تاران، بووە هۆی هەڵوەشانەوەی بەڕێوەچوونی کێبڕکێی جیهانیی والیباڵ کە بڕیار بوو لە وڵاتی ئێران بەڕێوە بچێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پێی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، دوکتور ئاری گراسا، سەرۆکی فیدراسیونی جیهانی والیباڵ لە نامەیەکدا رووبە محەممەدرەزا داوەرزەنی، سەرۆکی فیدراسیونی والیباڵی ئێران رایگەیاندووە کە مافی بەڕێوەبردنی کێبڕکێی جیهانیی والیباڵ لە ئێران دەستێنرێتەوە.

دەوترێت کە ئەو هەوڵەی فیدراسیونی جیهانیی والیباڵ، گوشارێکە بۆ سەر رێژیمی ئێران تا روونکردنەوەی پێویست لە بارەی دەستبەسەرکرانی غونچە قەوامی بدات.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرۆکی فیدراسیونی جیهانیی والیباڵ رایگەیاندووە، هۆکاری وەرگرتنەوەی مافی بەرێوەبردنی کێبرکێی جیهانی لە ئێران گوشار خستنە سەر رێژیمی ئێران بۆ ئازاد کردنی غونچە قەوامی بووە..

غونچە قەوامی، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ی پوشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، بۆ چاولێکردنی کایەی نێوان تیمی هەڵبژاردەی والیباڵی ئێران و ئیتالیا لە بەرامبەر وەرزشگای ئازادی لەگەڵ چەند ژنێکی دیکە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەم راپۆرتە، دوای ٩ رۆژ لە ئازادبوون، غونچە قەوامی بۆ وەرگرتنەوەی کەل‌وپەلی خۆی سەردانی گرتنگەی کردبوو کە دیسان دەسبەسەر کراو پاش ٩٠ رۆژ پەروەندەکەی بۆ دادگای ئینقلابی رێژیم نێردرا و بە تۆمەتی پڕوپاگاندا بەدژی نیزام بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرا.