کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی دووبارەی گازە ژەهراویەکان لەلایەن بەشار ئەسەدەوە / رێژیمی ئێران دەستی لە جەنایەتی ئەسەد لە سووریەدا هەبووە

13:14 - 25 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی بەشار ئەسەد بۆ چەندمین جار گازە ژەهراوییەکانی بەکار هێناوە و سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانیی سووریەش رێژیمی ئێرانی بەشداربووی جەنایاتی ئەسەد ناودێر کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی سووریە، هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لانیکەم دووجار گازە ژەهراوییەکانیان بەکار هێناوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە هێزەکانی بەشار ئەسەد گەڕەکی جوبەر لە دەمیشقیان بە گازی ژەهراوی بۆردومان کردووە و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی ئاسایی گیانیان لە دەست داوە.

پێشتریش رێژیمی بەشار ئەسەد گازە ژەهراوییەکانی بەکار هێناوە و هاوکاریی رێژیمی ئێرانیش لەو جەنایەتەدا سەلمێندرا بوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا هادی البحرە سەرۆکی هاوپەیمانەتی نیشتمانیی سووریە رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران هاوپەیمان و شەریکی سەرەکیی جەنایەتەکانی بەشار ئەسەدە.

سەرۆکی هاوپەیمانەتی نیشتمانیی سووریە رایگەیاندووە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ هێزە میلیشاکان، نیزامی و راوێژکارە نیزامییەکانی لە سووریە بێنێتەدەر و هەروەها دەست لە پشتیوانی و پاڵپشتی رێژیمی ئەسەد هەڵبگرێت.

ئەلبەحرە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە شەڕ لەگەڵ داعش لە قۆناغی یەکەمدا پێویستی بەوە هەیە کە رێژیمی بەشار ئەسەد وەکوو هۆکاری سەرەکی تیرۆریزم لە ناو ببردرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوای تێپەڕبوونی ٤ ساڵ لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە جەخت کردنەوە لە سەر بێ ئاکام بوونی بەرەنگار بوونەوەی داعش لە سووریە، هۆکاری ئەوەی بۆ سیاسەتی پشتی پەردەی ریژیمی ئەسەد گەڕاندەوە و رایگەیاند کە لەمە بەدواوە بەدوای ئەوەیە کە بارودۆخەکە لە سووریە بگۆڕێت و لە سەر کار لابردنی ئەسەد ستراتیژی تازەی ئەو وڵاتە پێک دێنێت.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەراوردی کردووە کە نزیک بە ٢٠٠ هەزار کەس لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا کوژراون و نزیک بە ١١ میلیۆن خەڵکی سووریە واتا نیوەی حەشیمەتی ئەو وڵاتە بەناچار ماڵ‌وسامانیان بەجێهێشتووە.

هەروەها بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سووریە و چاودێرانی مافی مرۆڤی سووریە، لانیکەم ٨٥ هەزار سووری بەشێوی سەرەڕۆیانە لەلایەن رێژیمی بەشار ئەسەد لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کراون و هەنووکە لە زیندانەکان لە دۆخێکی نالەباردا دەژین.

هەروەها لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە تا ئێستا ٢ هەزار و ٦٠٠ کەس بێ سەروشوێن کەوتوون و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.