کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامە/ سێ‌ئەنجومەنی فەرهەنگی مەریوان: بێ دەنگی لە هەمبەر سووكایەتی بە ژنان، خەیانەتە بە كۆمەڵگەی ئینسانی

22:32 - 28 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لەبەیاننامەی سێ‌ئەنجومەنی فەرهەنگیی شاری مەریواندا هاتووە، ئەی خەڵكی كوردستان كە سەمبولی شەرەفتان بریندار كراوە، ئاوڕێك لە مێژووی پڕ لە دەسكەوت و سەروەریی خۆتان بدەنەوە و رێگا مەدەن چیدیكە نەتەوەی كورد بەتایبەتی توێژی ژنان لەوەی كە هەیە زیاتر سووكایەتیی و بێ‌حورمەتییان پێ بكرێت.
نوسخەیەك لەبەیاننامەی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان، ئەنجومەنی ئەدەبیی گوندی نێ وخویندكارانی زانكۆی پەیام نووری مەریوان لەمەڕ سووكایەتیكردنی دادگای شاری مەریوان بە جێگە و پێگەی ژنی بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی بەیاننامەكە

خەڵكی چاو نەترس و بەشەرەفی كوردستان

بێ دەنگی لە هەمبەر سووكایەتی كردن بە ژنان كە نیوەی كۆمەلگەی ئینسانییە و خولقێنەری بەشێكی دیكەی كۆمەلگەن، خەیانەت بە كۆمەڵگەی مرۆییە.
كاتژمێر ٦ی دوانیوەرۆی رۆژی دووشەممە رێكەوەتی ٢٦ی خاكەلێوە، بە بڕیاری سەردۆزگەری شاری مەریوان سزادانی هاووڵاتییەك لەو شارە و لەبەر چاوی گشتیی خەڵك بەڕێوە چوو، كە گۆیا كەسێك بەناوی ت. م. د لەگەڵ بنەماڵەیەك كێشەیان هەبووە و دادوەری شاری مەریوان بۆ سزادانی ، جلوبەرگی كوردیی ژنانەی رەنگ سووریان لەبەر ئەو كەسە كردووە و لەشەقامەكانی ئەو شارە گەڕاندوویانە. لە روانگەی ئێمەوە كەسی تاوانبار دەبێ‌بەشێوەی مرۆیی و بەپێی یاساكانی مافی مرۆڤ سزا بدرێت، بەڵام لەبەر كردنی جلوبەرگی ژنان بۆ پیاوانی تاوانبار لەبەر چاوی گشتیی، سووكایەتی كردن بە ژن وجێگە و پێگەی ژنی كوردە، هەر بۆیە ئەو هەڵسووكەوتەی ناوەندەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بێزاریی وپەرۆشی خەڵكی ئازا و چاونەترسی كوردستان بەتایبەتی ژنانی لێكەوتۆتەوە.
كاربەدەست و دەسەڵاتدارنی نیزامی ئیسلامیی ئێران، شۆرای نیگابان، دەزگای قەزایی، سەركۆمار و ...هتد
لە كولتور و فەرهەنگی باب و باپیرانی ئێمەدا لە ٢٧١٣ ساڵ لەمەوبەر ژنان جێگە و پێگەی تایبەتیی هەبووە، لە هەموو شوێنێك رێزیان لێگیراوە و هاوتەریب لەگەڵ پیاوان لە هەمبەر نایەكسانیدا و ناڕەواییدا راوەستاون. لە سەردەمێكدا كە نەتەوەكانی دیكە ژنەكانیان زیندە بەچاڵ دەكرد، ژن لە كولتوری ئێمەدا رێبەر و دەسەڵاتدار بوون. تەنانەت پاش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچە، هەتا ئێستاش تاكە رێبەرێكی ژن كە لە نێوان سەرجەم موسوڵمانانی جیهاندا بووە، ژنێك لە نەتەوەی كورد بەناوی مرواری خاتوون نەوەی سەلاحەدینی ئەیوبی بووە. بەڵام ئێوە بەوپەڕی بێ ‌رێزی كردنەوە كەرامەت و گەورەیی ژن هاوسەنگی كەسانی تاوانبار لە قەڵەم دەدەن و هەروەها لەماوەی ساڵانی رابردوودا بەشێك لە ژنانی كورد كە لە هەمبەر زوڵمی كۆمەڵگەی پیاوساڵاریدا دەنگی ئازادیخوازی و مافخوازییان هەڵبڕیبوو و لەلایەن نزیكانی خۆیانەوە گیانیان لێ‌ئەستێنراوە، بەبەردەوامی لەحاڵی دووپات بوونەوە دایە.
ئەی خەڵكی مەریوان كە سەمبولی شەرەف و ئازایەتیتان زامدار كراوە، چاوێك بە مێژووی پڕ لە شانازیتان بخشێنەوە و رێگا مەدەن چیدیكە نەتەوەی كورد بەتایبەتی ژنان لەوەی كە هەیە زیاتر بێ‌رێزی سووكایەتییان پێ بكرێ، لە حكوومەتێكدا كە ژن بوون وەك تاوان سەیر بكرێت، لەبەر كردنی جلوبەرگی پیرۆزی كوردی سزای تاوانباران بێت، یاسا چ مانایەكی هەیە؟! بۆیە هاودەنگ لەگەڵ ژنانی كورد بۆ خاشە بڕ كردنی نادادپەروەری و دەستەبەر بوونی مافی مرۆیی بێ‌دەنگ مەبەن و دەنگ هەڵبڕن.
ـ خوێندكارانی زانكۆی پەیام نووری مەریوان

ـ ئەنجومەنی ژنانی مەریوان

ـ ئەنجومەنی ئەدەبیی گوندی نێ

٢٧ی خاكەلێوەی 1392ی هەتاوی