کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەکیەتیی خوێندکاران بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ئیبراهیم لوتفۆڵڵاهی

13:08 - 24 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
دەقی بەیاننامەکه کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیه:

\'\'باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی رێگایانە\'\'

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
خوێندکارانی دێموکراسیخواز و نەتەوەخوازی کورد
٦ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، دەزگای تیرۆریزمی دەوڵەتی رێژیمی تاران، جارێکی دیکە یەکێک لە رۆڵە راستەقینەکانی کوردستانی شەهید کرد. رێژیمی ئەشکەنجە و سێدارە، چالاکی خوێندکاریی کورد، رۆڵەی نەتەوەخواز و دێموکراتی کوردستان، ئیبراهیم لۆتفۆڵڵاهی، خوێندکاری بەشی مافی زانستگەی پەیامی نووری شاری سنەیان لە دوای چەند رۆژ دەسبەسەرکردن لە سیاچاڵە سەدە نێوەڕاستییەکانی خۆی، ناجوامێرانە و دوور لە هەر چەشنە هەڵسوکەوتێکی مرۆیی‌یانە شەهید کرد.
ئەشکەنجەگەرانی رێژیمی ئاخووندی بە پشت بەستن بە تەوەهۆمی خۆسازکەر، ئیبراهیمان بەدڕندانەترین شێواز ئەشکەنجە کرد، تا بە خەیاڵی بەتاڵی خۆیان دان بەو کار و کردەوانەی کە نەیکردووە دابنێت. قیزەون‌تر لەو کردوە ناپەسەند و دژە مرۆیی‌یە، تەرمی ئیبراهیمیشیان نیوەشەو و بە بێ ئاگایی بنەماڵەکەی لە ژێر چەند میتر \'\'بتوون\'\'دا ناشت، تاکوو ئاسەواری ئەشکەنجە وەحشیانەکەیان لەسەر جەستەی لاواز و بێ تاوانی ئیبراهیم دەرنەکەوێت.
ئەمەش یەکەمین جار نەبوو کە رێژیمی تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە رۆڵەکانی کوردستانی شەهید دەکرد. دیرۆکی نگریسی ئەم رێژیمە لەگەڵ قەڵاچۆ و تیرۆری خەڵکی کوردستان تێکەڵاوە. لە قەڵاچۆی بە کۆمەڵی خەڵکی بێ تاوانەوە بگرە تا تیرۆری خوێندکاران، ئازادیخوازان و رێبەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان.
بەڵام حەقیقەت خەیاڵی پووچەڵی داگیرکەرانی کوردستان نییە. بەرەنجامی ئەم تیرۆرانە نەیتوانیوە کوردستان و رۆڵەکانی لە هەنگاونان بەرەو ئازادی راگرێت.
نەتەوەی کورد و خوێندکارانی دەروەست و یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات هەنووکەش خۆڕاگر، سەربەرز و نەبەزیو بۆ گەیشتن بە ماف و ئارمانجەکانیان راوەستان.
شەهیدکرانی ئیبراهیمەکان، نابێتە هۆی هەڵگەڕانەوەی لاوان و خوێندکارانی کورد لە سەرهەڵدان و خەبات، بەڵکوو ئیلهام بەخشی لە خۆبردوویی و خۆڕاگری و بەرخۆدانن.
کوردستان گۆڕستانی داگیرکەران دەبێت و ئاسۆی ئازادی نزیکە.
بەرز و پیرۆز بێت یادی سەرلەسەردارانی سەرداری کوردستان

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی