کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توركیە خوازیاری پەرچەكرداری نێودەوڵەتی بەدژی سووریە بوو

23:31 - 24 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: دوای رووداوی تەقینەوەی توركیە كە ٤٨ كەس تێیدا كوژران، حكوومەتی توركیە داوای لەكۆمەڵگای جیهانی كرد كە بەدژی رێژیمی سووریە هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن.


دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێكەوتی ٢١ی بانەمەڕ دوو تەقینەوە لەبەردەم شارەوانی و ئیدارەی پۆستی شاری ریحانلی لەپارێزگای ختارووی دا و لەو بارەیەوە حكوومەتی توركیە رێژیمی سووریەی بەدەست تێدا بوون لەو تەقینەوەیەدا تاوانبار كرد.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژنامەی گاردین لەزاری بلونت ئارنیجـەوە بڵاوی كردبووە، تاوانباری سەرەكیی دوو تەقینەوەكەی پارێزگای ختای توركیە، كە تێیدا ٤٨ كەس كوژران و ١٤٠ كەسیش بەتوندی بریندار بوون، رێژیمی سووریەیە.
لەلایەكی دیكەوە لێپرسراوانی توركیە رایانگەیاندبوو، ئەگەر بە بەڵگەوە بۆمان دەربكەوێ‌كە ئەو تەقینەوانە كاری سووریە بووە، ئەوە سەرجەم رێكارەكان بۆ وڵامدانەوە بەو كردەوەیە دەگرینە بەر.

حكوومەتی توركیە لەو باوەڕەدایە، گرووپێكی رادیكاڵی سەر بە رێژیمی توركیە ئەو تەقینەوانەیان ئەنجام داوە و پێویستە كۆمەڵگای جیهانی بەدژی ئەو رێژیمە هەڵوێستی هەبێت.
بەباوەڕی حكوومەتی توركیە، رێژیمی سووریە هێڵی سووری بەزاندووە و وای كردووە كە سەرجەم رێكارەكان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بگرینە بەر.