کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لەكرماشان لەپەرە سەندن دایە

22:33 - 26 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لێپرسراوی نەخۆشخانەی د.محەممەد كرماشانی رایگەیاند، رێژەی تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لەئێران و پارێزگای كرماشان رۆژ لەگەڵ رۆژ روو لەزیاد بوون دەكات.
محەممەد رەزا گوڵپایەگانی وتیشی: سەرەڕای رێژەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان لەئوستانی كرماشان بەدەست ئەو نەخۆشێەوە دەناڵێنن، بەڵام هەتا ئێستا ناوەندە پێوەندیدارەكانی ئەو پارێزگایە لەدانی ئاماری راست و دروست خۆیان بواردووە.
ئەو پزیشكە وتیشی: هێندێ‌هۆكاری وەكوو نزیكی ژیان لە كابڵەكانی فشار قەوی و پێوەندیی و بەركەوتنی مادەی شیمیایی دەتوانن ئەو نەخۆشیە دروست بكەن.
ئەو پسپۆڕەی بواری نەخۆشی منداڵان وتیشی: بوونی گردیلەكانی خۆڵ و پیسی كەش و هەواش وەكوو هۆكارێك بۆ شێرپەنجە دێنە ئەژمار.
بەپێی دوایین ئاماری ئەنجومەنی شێرپەنجەی ئێران، ساڵانە نزیك بە ٨٥ هەزار تووشبوو بە شێرپەنجە لەئێران دەسنیشان دەكرێن و لەو رێژەیە ٣٠ هەزار كەسیان گیان لەدەست دەدەن.
هەر بەپێی ئەو ئامارە ساڵی١٣٧٩ هەڤدە هەزار و ٧٦٥ حاڵەتی تووشبوو بە شێرپەنجە لەئێران هەبوو و ئەو رێژەیە لەساڵی ١٣٩٠دا گەیشتۆتە ٨٥ هەزار كەس.