کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرۆری پاریس یەكەم بەردی بەردەم رەوتی ئاشتی(مەجید حەقی )

19:47 - 26 بەفرانبار 2712

مەجید حەقی

لە كتێبی فرشتەكان و شەیتاندا لێئۆناردۆ ڤێترا، فیزیكزانی ناوەندی لێكۆلینەوەی سێرن بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر دەكوژرێت. لێكۆلینەوەكانی سەر كوژرانی توێژێرەكە، لێكۆلەران بە گرووپێكی مێژوویی بە ناوی ئیشراقیەكان پێوەندی دەدرێت كە حەشارگەیان لە یەكێك لە كلیسا بەناوبانگەكانی رۆم دایە. لەو رۆمانەدا پێوەندی سڕاوی و ترسناكی ڤاتیكان لەگەڵ لایەنە سیاسی و دەوڵەتییەكان و تەنانەت زانستیەكانی ئەمریكا و ئورووپا دەردەكەوێت. تیرۆری سێ تێكۆشەری كورد لە پاریس و شێوەی ئەنجامی تیرۆر مرۆڤ دەخاتە بیری ئەو رۆمانە ترس هێنەرە و ئەگەرەكانی پێوەنیدار بە هۆ یان لایەنەكانی ئەو جینایەتە.

بكوژانی سەكینە جانسز SekinceCansiz ، ڤیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز بە دەرگایەكدا دەچنە ژوورەوە كە یان دەبێ شیفرە و رەمزی دەرگاكەیان هەبێت یان كەسێك لە ژوورەوە دەرگای بۆ ئەوانە كردبێتەوە. جیا لەوە تیرۆری بەشێوەی ئێعدامی لە پشتەوە، پەیام لە پلانێكی داڕێژراو و ورد دەدات، كە ئەگەرەكان و سەناریۆكانی ئەو جینایەتە سەرنجراكێشتر دەكات.

سەكینە جانسز ئەندامی دامەزرێنەری پ.ك.ك و یەكێك لە هاوبیرانی بەڕێز ئۆجەلان و لایەنگری رەوتی ئاشتی لەگەڵ توركیە بوو. بۆیە كوژرانی ئەو لەو هەلومەرجەدا بە وتەی زوبەیر ئایداری نوێنەری پ.ك.ك لە ئورووپا ناتوانرێ بە رووداوێكی لە نەكاو و بێ پلان دابندرێت. ئامانجی ئەو تیرۆرە لە پلەی یەكەمدا بەربەست خستنەوە و شكستی دەسپێكی رەوتی ئاشتی لە باكووری كوردستان و دیالۆگەكانی نێوان بزاڤی كورد و دەوڵەتی توركیەیە.

بە لەبەرچاوگرتنی رابردووی خوێناوی پاكسازی فیكری لە ناو هێندێ‌ پارت و هەروەها پێوەندی پرسی كورد بە زۆر وڵاتی ناوچە لە وانە كۆماری ئیسلامی ئێران و توندرەوانی ناو دەوڵەتی توركیە، دەكرێ سناریۆكانی خوارەوە لە ئامانجی ئەو تیرۆرە وێنە بكرێن.

ـ لەناو بردنی هیوایەك كە بە هۆی دەسپێكی رەوتی دیالۆگی نێوان ئانكارا – ئیمڕاڵی پێك هاتبوو و هۆشدار دانەوە بە لایەنەكانی دیالۆگ لە چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی كورد لە توركیە.

ـ هەوڵدانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بەربەست خستنەوەی بەردەم رەوتی ئاشتی خوازانەی پرسی كورد لە باكوور و تۆڵە سەندنەوە لە توركیە لە بەرانبەر پشتیوانی ئەو لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریە دژی حكوومەتی بەشار ئەسەد.

ـ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە فەرانسە لە ژێر چاوەدێری توندی پۆلیسی فەرانسە بوو و هەڵبژاردنی شوێنی تیرۆر لە پاریس دەكرێ بە هۆشدار دانەوەیەك بە دەوڵەتی فەرانسەش لە پێوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و رۆژ‌هەڵاتی ناوەراست بێت.

ـ خاتوو جانسۆز یەكێك لەلایەنگرانی سەرسەختی بەڕێز ئۆجەلان بوو، تیرۆری ئەو كەسایەتییە هۆشدار دانەوەیەك بۆ بەرێز ئۆجەلان بوو لەمەڕ گفتگۆی ئاشتیخوازانە لەگەڵ توركیە.

ـ زۆرێك لە كادرەكانی پ.ك.ك لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە وڵاتانی ئورووپا گیرساونەتەوە، تیرۆری پاریس لە جێی خۆیدا هۆشداریەك بۆ ئەو شۆرشگێر و خەباتكارانە بوو كە ئورووپا بە شوێنێكی ئارام و هێمن دەزانن.

هەركام لە ئەگەرەكانی سەرەوە وەك رەمزەكانی كوژرانی لێئۆناردۆ ڤێترا، ناونیشانی بكوژانی خاتوو جانسۆز و هاوڕێیانی بەرەو چەندین ئادرێس دەبەن.
- كۆماری ئیسلامی، موخابراتی سووریە یان وڵاتێكی دیكەی ناوچە، كە كۆتایی شەڕی نێوان توركیە و بزاڤی كوردستان بە زیانی بەرژەوەندیە ستراتێژی و ناوچەییەكانی ئەوە.
- دەوڵەتی كووری نێو دەوڵەتی توركیە، كە هەر وەك قەتڵەكانی بێ سەر و شوێنی نەوەدەكان، بوو بە هۆی كوژرانی دەیان كەس لە رۆژنامەڤان، چالاكڤانانی مافی مرۆڤ و سیاسی بزاڤی كورد لە باكووری كوردستان.

ـ ئەوانەی كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە باشووری كوردستانیش رەخنەگران و جیابیرانی ناو پارتی كرێكارانی كوردستانیان لە ناو بردووە.

ئەم سیناریۆیانە ئەركی دەوڵەتی فەرانسە بۆ روونكردنەوە و وەڵامدانەوە بە پرسیاری كێ و بۆچی ئەو جینایەتەیان خوڵقاندووە قورستر دەكات. لە لایەكی دیكەوە هەروەك بەرێز ئەحمەد تورك لە رۆژی یەكەمی دیداری لە گەڵ بەرێز ئۆجەلاندا پێشبینی كردبوو، بەداخەوە رەوتی وتووێژی ئاشتیانە یەكەم بەربەستەكانی بەخۆیەوە بینی و سێ ژنی چالاك و بەئەزموونی بزاڤی نەتەوایەتی كورد بوون بە یەكەم نرخەكانی دەسپێكی گفتگۆی ئاشتی.