کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی هێزە ئینتزامییەکان برینداربوونی هاووڵاتییەکی کوردی لێ کەوتەوە

15:26 - 28 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییەکی کورد لە مریوان، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەتوندی بریندار بوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە شاری مەریوان ماشینێکی جۆری پژۆ کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا شۆفیری ماشینەکە بەناوی \'\'ئاریان\'\' بەتوندی بریندار بوو.
شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزەکانی رێژیمی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، پاش راوەدوونانێکی زۆر تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە کردووە و لە ئەنجامدا بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەکە، بە توندی بریندار بووە.
ئەو شایەتحاڵە لە درێژەدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی گوت: ئاریان هیچ چەشنە کەلوپەلێکی قاچاخی پێ نەبووە و تەنیا لە ترسی هێزەکانی رێژیمی هەڵهاتووە.
ساڵانە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەگومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکوژرێن یان بریندار دەبن.
بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا ٧ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی هێزەکانی رێژیم کوژراون و برینداربوون